حیزبە کوردستانییەکان داوای یەک لیستی لە کەرکوک دەکەن

بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، حیزبە کوردستانییەکانی ئەو پارێزگایە داوای یەک لیستی هاوبەشی لایەنە کوردیەکان دەکەن.




ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ ی كانونی یەكەم لەسەر ئاستی بەشی پەیوەندییەکانیان حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر بابەتی هەڵبژاردن کۆبوونەوە.

 


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تاریق تەها، بەرپرسی دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانی وتی، حزبەکان دۆخی هەنوکەیی کەرکوک و ڕەوشی سیاسی، ئەمنیی و ئابوریی شارەکەیان خستوەتە بەرباس و جەختیان لەسەر پێویستی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە.

 


لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی “تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان گفتوگۆکردن بوو لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و جەختمان لەسەر گرنگی بەشداریکردنی کورد بە لیستێکی هاوبەش کردەوە”.




لەلایەكی دیكەوە دەربارەی دەنگۆی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە نەتەوەی تورکمان، جەنگی عزەدین، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکان لە مەڵبەندی كەركوكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ شتێکی فەرمی لەئارادا نییە و تەنها لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەو هەواڵانە دەبیستین.

 


وتیشی، “داوامانکردووە دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە بدرێتەوە بە پۆلیسی خۆجێی کەرکوک و هێزە سەربازییەکان بچنە دەرەوەی شار”.

 


PM:05:30:02/12/2020