مانگی ئازار پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە عیراق و هەرێمیش چاوی لە بەغدایە

 تەندروستی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە مانگی ئازاری داهاتوو یەکەمین کاروانی پێکوتەی فایزەر دژی پەتای کۆرۆنا دەگاتە عیراق، تەندروستی هەرێمیش ئاماژە بەوەدەکات" لەو بڕە ڤاکسینە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە".

 

ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە مانگى ئادارى داهاتوودا یەکەم کاروانی پێکوتەی فایزەر دژ بە پەتای كۆرۆنا دەگاتە عێراق، کە بڕه‌كه‌ی ٦٠٠ هەزار ڤاکسینه‌ و بۆ ٣٠٠ هەزار کەس، بە دوو قۆناغ بەکاردەهێنرێت".

 

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ لە وەزارەتی‌ تەندروستی‌ عیراق روونیشیکردەوە، بۆ دابینکردنی‌ ڤاکسینەکە عیراق پێویستی بە ٢٠٨ ملیۆن دۆلار هەیە و کۆمپانیاکە پێشنیازی‌ فرۆشتنی‌ نۆ ملیۆن ڤاکسینی‌ بۆ عیراق کردووە، كه‌ نرخی هەر ڤاکسینێک بە ١٢ دۆلارە.

 

لای خۆشییەوە د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەماهەنگی بەردەوامداین، هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد، بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت".       



AM:10:29:03/12/2020