سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش وحەوتی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 ، لەیەکگەیشتنی باش  لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتەئاراوە،  بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتووین .



PM:05:03:05/12/2020