عوسمانی حاجی مەحمود: بەکارهێنانی هێز خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەکات

عوسمانی حاجی مەحمود سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان لە بارەی ئەو خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی سلێمانیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەوداوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات، دوربکەونەوە لەئەنجامدانی توندوتیژی‌و گرتن‌و ئازاردان و دەڵێت" خۆپیشاندەران ڕۆڵەی بەشخوراوی ئەم گەلەن‌و لەهەمانکاتدا، کەسوکاری خۆتانن‌و بارودۆخی ژیانی زۆربەتان وەکو ئەوانن".


هەروەها لەو پەیامەدا عوسمانی حاجی مەحمود دەڵێت" ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە گوێ لە خۆپیشاندەران بگرن‌و مافە ڕەواکانیان جێبەجێبکەن‌و بەهیچ شێوەیەک توندوتیژیان بەرامبەر بەکارنەهێنن، ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە ناشارستانیە‌و بەکارهێنانی هێز، ھیچ ئەنجامێکی نابێت".




ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
1ـ چەند ڕۆژێکە هاوڵاتیانی کوردستان بەهەموو چین‌و توێژە کۆمەڵایەتیەکان‌و بەتایبەتی، موچەخۆران لەچەند شارو شارۆچکەیەک کەتونەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی‌و بێزاری‌و خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان دژ بەپێنەدانی موچەو بڕینی قوتی ڕۆژانەو هەموو ئەو ناهەقی‌و زۆڵمە فرە جۆرانەی بەرامبەریان دەکرێت.


2ـ ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە گوێیان لێبگرن‌و مافە ڕەواکانیان جێبەجێبکەن‌و بەهیچ شێوەیەک توندوتیژیان بەرامبەر بەکارنەهێنن، ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە ناشارستانیە‌و بەکارهێنانی هێز، ھیچ ئەنجامێکی نابێت‌و بازنەی ناڕەزایەتی‌و بێزاری فراوانترو بەھێزتر دەکات‌و ڕق‌و توڕەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.


3ـ داوا لەھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم دەکەم، بەشێوەیەکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیانی ناڕازیی‌و خۆپیشاندەران‌و میدیاکاران بکەن‌و دوربکەونەوە لەئەنجامدانی توندوتیژی‌و گرتن‌و ئازاردان، خۆپیشاندەران ڕۆڵەی بەشخوراوی ئەم گەلەن‌و لەهەمانکاتدا، کەسوکاری خۆتانن‌و بارودۆخی ژیانی زۆربەتان وەکو ئەوانن.


4ـ داوا لەھاوڵاتیانی ناڕازیی‌و خۆپیشاندەر دەکەم، بەتایبەت لاوو گەنجە خاوەن ماف‌و دڵگەرمەکان کە سەرەڕای ھەرجۆرە بەربەستێک کەلەکاتی خۆپیشانداندا بۆیان دروستدەکرێت، بەشێوەیەکی ھێمن‌و ئاشتی‌و مەدەنیانە خۆپیشاندان ئەنجامبدەن‌و زەرەرو زیان بەدامودەزگاکانی حکومەت‌و موڵکی گشتی‌و تایبەت مەگەیەنن‌و بیانپارێزن، ھەروەھا لەزیانگەیاندن‌و سوتانی بارەگا حزبیەکان دوربکەونەوەو پەلاماریان مەدەن، چونکە لەو رێگایەوە ھیچ چارەسەرێک بەدینایەت.


5ـ داوای هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بۆ موچەو خزمەتگوزاری‌و ژیانێکی شایستەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری گوێپێنەدان‌و فەرامۆشکردنی مافە ڕەواکانی هاوڵاتیان‌و بەکارهێنانی توندوتیژی‌و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆن‌و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی‌و بەکارهێنانی هێزو پارەو زیاترکردنی ستەم، ئاوڕێکی جدی‌و ئەقڵانی لەساڵانی ڕابردوی حوکمڕانی‌و بەرئەنجامەکانی بدەنەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی، چونکە چیتر ئەمجۆرە ئەقڵیەت‌و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوامبێت‌و مێژوش هەر ئەوەی سەلماندوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵی‌و نادادی‌و زوڵمکردن لەهاوڵاتیانی ناتوانێت تاسەر بەردەوامبێت، لەبەرئەوە پینەوپەڕۆو تۆمەت بەخشینەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتردەکاتەوەو نیشتیمانەکەمان‌و ھاونیشتیمانیانی کوردستانیش لەقەیرانێکەوە بەقەیرانێکیتر دەسپێرێت.


عوسمانی حاجی مەحمود
٧/١٢/٢٠٢٠
 


PM:11:56:07/12/2020