سەبارەت بە مووچە و ڕێککەوتن دارایی هەرێم وەڵامی بەغدای دایەوە

وه‌زیری دارایی و ئابووری هەرێم رایدەگەیەنێت" هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی به‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسای كورتهێنانی داراییه‌وه‌ ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی حكومه‌تی عیراقه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌". 

 

ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى وئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوێنێ نامەیەكمان لە وەزارەتی دارایی عیراق پێگەیشت، ناوەڕۆكەكەی پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، وەڵامی وەزارەتی دارایی عیراقمان دایەوە، كە ئامادەین ناوەڕۆكی نامەكە جێبەجێ بكەین".

 

ئاوات شێخ جه‌ناب ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ ٢٦ی تشرینی دووەم مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ كردوه‌ و تیایدا ئاماده‌یی ده‌بڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌رز.

 

لەبەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری دارایی هەرێم وتیشی" له‌ ئێستا به‌دواوه‌ تۆپ له‌ ساحه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ و په‌رله‌مانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌رز و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی هه‌یه و داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین حكومه‌تی عێراق ئه‌ركه‌كانی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات".‌

 

لای خۆشیەوە خالد شوانی وەزیری هەرێم ڕایگەیاند" حكومەتی هەرێم سەرلەنوێ جەختیكردەوە لەوەی لاری نییە لە جێبەجێكردنی یاسای قەرز و داوامان لە حكومەتی فیدراڵی كرد لایەنە پەیوەندیدارەكانی خۆی رابسپێرێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە".

 

هاوکات ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت" هەرێم بە سێ قۆناغ ئامادەیی دەربڕیووە و هەموو پابەندبونێكی نەوتی و دارایی دەبێت بەرامبەر بەغدا، دەبێت حكومەتی عیراقیش رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات". 



PM:02:00:08/12/2020