نەوەی نوێ پشتیوانی تەواوی خۆپیشاندانی خەڵک دەکات

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" پشتیوانی لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەکەین و وەکو مەبدەئی جوڵانەوەکەشیان، ھەمیشە لەگەڵ خەڵکدا دەبین". 

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند" پرسەو سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانە دەکەن کە ئەم دەسەڵاتە بە سکی برسیەوە شەهیدی کردن و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن و جەخت دەکەنەوە کە پێویستە بەزووترین کات و دەستبەجێ ئەوانەی لەسەر خۆپیشاندان دەستگیر کراون ئازاد بکرێن". 

ئه‌وه‌ش هاتووە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی پشتیوانی لە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خەڵکی ھەژار و مووچەخوراو و گەنجان دەکات و وەک مەبدەئی جوڵانەوی نەوەی نوێ ھەمیشە لەگەڵ خەڵکدا دەبن چ خۆیان وەک پەرلەمانتاران چ خۆبەخش و بەرپرسانی جوڵانەوەکە و تا دەگاتە سەرۆکی جوڵانەوەکە، بۆیە لەھەر شوێنێك پێویست بکات پشتیوانیان دەکەن بۆ کۆتایی ھێنان بەم ستەم و دزی و گەندەڵیەی دەسەڵات، لەپێناو بەدەستھێنانی مافی خەڵک.

نه‌وه‌ی نوێ ده‌شڵێت" پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم  ئەو راستیە بزانن کە ھیچ دەسەڵاتێك لە دنیادا نەیتوانیوە لە رێی کپکردنی دەنگی خەڵک و خۆپیشاندان و داخستنی کەناڵ و بڕینی ھێڵی پەیوەندیەکان بەردەوام بێت و دواجار دەبێت لەبەردەم ئیرادە و ھێزی لەبن نەهاتووی جەماوەردا چۆک دابدات و تەسلیم بێت".

ڕاشیگەیاندووە" ئامۆژگاریشمان بۆ هەردوو دەسەڵاتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز ئەوەیە کە دەستبەجێ پێداچونەوە بکەن بە سیاسەتی خۆیان و تەواوی بەرپرسانی هەر سێ پارتی دەسەڵاتدار لە هەر دوو زۆنەکە دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و بەرپرسانی ئەمنی شارەکان دەستبەجێ دەست لەکاربکێشنەوە و مەلەفی ئەمنی شارەکان تەسلیم بە خەڵکانی تەکنۆکرات و بێلایەن بکەن، ئەگەر نا سبەی کە کار لەکار ترازا هیچ هەنگاوێک فریاتان ناکەوێت و رزگارتان ناکات لە توڕەیی خەڵک".



PM:03:41:08/12/2020