كەسوكاری دەستگیركراوانی ناحیەی قەسرێ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە

كەسوكاری دەستگیركراوانی قەسرێ ڕایدەگەیەنن" دەستگیركردنی ئەو گەنجانە، وەك كێشەیەكی عەشایەری لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی قەسرێ سەیر دەكەین". 

 

كەسوكاری دەستگیركراوانی ناحیەی قەسرێ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕایگشتی خەڵكی كوردستان بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنن" ئێمە وەك كەسوكاری نەوجەوانە دەستگیركراو و چارەنووس نادیارەكانی ناحیەی قەسرێی دەڤەری باڵەكایەتیی بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین ، كە سەباح وەڵاشیی ، بەرپرسی ئاسایشی ناحیەی قەسرێ، لەژێر بەرگی ئاسایش و  دامودەزگای ئەمنیدا، دەیەوێت تۆڵەی عەشایەری لەمێژینەی خۆی ،كە سەرشۆرنەكردنی باب و باپیرانی ئێمەیە لە بەرامبەر باب و باپیرانی ئەودا، لە ڕێگەی دەستگیركردن و شوێن بزركردنی ژمارەیەك نەوجەوانی ئێمە، بكاتەوە". 

دەشڵێن" بۆیە ئێمە دەستگیركردنی ئەو گەنجانە، وەك كێشەیەكی عەشایەری لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی قەسرێ سەیر دەكەین و داوای بەزووترین كات ئازادكردنی بێ شەرت و مەرجی سەرجەمیان دەكەین، چونكە ئەو گەنجانە كە هیچیان تەمەنی منداڵیان تێپەرنەكردووە و نەگەیشتوونەتە هەژدە ساڵی، بچووكترین زیانی ماددی و مەعنەویان بە هیچ كەس و لایەنێك نەگەیاندووە، دەكرا هەر لە دەسپێكی خۆپیشاندانەكەیاندا، لەجیاتی دەستگیركردن و شوێن بزركردنیان، بڵاوەیان پێ بكات و بیانێرێتەوە ماڵەوە، بەڵام بە ڕق و بوغزی عەشایەری ناوبراو لە ئێمە، وای لێكردووە ئەوەنەكات و ئەوەبكات كە ئێستا دەیبینین".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش دەکەن، لەلایەكیتر هەموو ئەو چەكدارانەی  ئاسایشی پارتیی، كە چوونەتە سەر ئەو گەنجانە و دەستگیریان كردوون، دیار و ناسراون، بچووكترین ئەشكەنجە و ئازاری ئەو گەنجانەمان بدرێت، لە تۆڵەی گەورەی عەشایەری ئێمە، دەربازیان نابێت.



PM:09:36:10/12/2020