ژمارەیەک لەرێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیرکران

کەمێک پێش ئێستا لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی شاری سلێمانی بەشێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شارەکە و (عەبدوڵای مەلا نوری و د. شێركۆ حەمەئەمین) يان دەستگیركرد.

 

پەیمان عیزەدین، پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند" هەر ئێستا لەبەردەم پارێزگای سلێمانین و لەگەڵ گەیشتنمان كاك عەبدوڵاو د.شێركۆ-یان برد لەلایەن هێزێكەوە". 

 

پەیمان عیزەدین داوا لە خەڵك دەکات بە زوترین كات ئامادە بن لە شوێنی دیاریكراوی خۆپیشاندان كە شەوی رابردو لەلایەن كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكانەوە بانگەوازی بۆ كرا.

 

هاوکات هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەشوێنە گشتییەکان بڵاوەیان پێکراوە و بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنی سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەکان، خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتیش رێگەپێدراو نابێت.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم بینای پارێزگای سلیمانی لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە بەڕێوەبچێت. 


PM:01:47:11/12/2020