شاندی هەرێم بەبێ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا گەڕانەوە

شاندی دانوستانکاری هەرێم دوای هەفتەیەک مانەوە لە بەغدا کەمێک پێش ئێستا بەبێ هیچ رێککەتنێک گەرانەوە هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (سپی)، شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دوای مانەوەی نزیكەی هەفتەیەك لە بەغدا و كۆبونەوە لەگەڵ زۆرینەی لایەنە حكومی و حزبی و پەرلەمانیەكانی بەغدا و ئاڵوگۆڕی چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا و بەبێ گەیشتن بەهیچ رێككەوتنێك گەڕانەوە هەرێم.

 

دوێنی شاندەکە چونە پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌ران ھاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاساكە‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان".

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیشتە شاری ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتی تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکەن لەبارەی دۆخی ئەمنی، دۆسیەی نەوت و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.



PM:01:21:17/12/2020