بەرهەم ساڵح لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمان کۆبوەوە

سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی هەرێم و بەشیر حەداد جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمان کۆبوەوە. 

 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکرا.

 

لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە جەختیکرایەوە لەگەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان وەک سەرجەم ھاوڵاتیانی دیکەی عێراق بێ جیاوازی.

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و گشتگیر بۆ کێشەکانی خەڵک و کۆتایی ھێنان بە قەیرانی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان بەپێی دەستور بۆ ھەمو پێکھاتە و ناوچەکان دور لە ملمڵانێی سیاسی و کێشمەکێش.



PM:04:02:17/12/2020