ماهیر حەسەن بۆ یەکەمجار ژیانی منداڵی خۆی ئاشکرا دەکات، بەمناڵی ٣٠ جۆر کاسبی کردووە

ماهیر حەسەن هونەرمەندی ناسراوی شانۆ و شاشەکان باسی ژیانی منداڵی خۆی دەکات کە چەند بەزەحمەت ژیاوەو ٣٠ جۆر کاری لەناوبازاڕەکانی سلێمانیدا ئەنجام داوە، تا دواتر بۆتە ئەکتەر.

 

 
ماهیر حەسەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باسی ژیانی کوولەمەرگی خۆی دەکات کە چۆن ٣٠ قورسترین کاری لەناو بازاڕەکانی سلێمانیدا کردووە.
ماهیر حەسەن لە پۆستێکدا دەڵێت " خۆزگە تەمەن بگەڕایەتەوە بۆ تەمەنی ١٠ ساڵیم و سەر لە نوێ دەستم بکردایەتەوە بە ھەموو ئەم کارانە کە ھەر لە تەمەنی مناڵیمەوە ھەوڵم ئەیا ڕەنجی ماندوێتی خۆم بخۆم".

 


لە درێژەی نووسینەکەیدا، ئەو هونەرمەندە کە زۆربەی کارە هونەریەکانی کۆمیدیە، دەڵێت " شانازیشی پێوە ئەکەم بەو ھەموو قۆناغانەدا تێپەڕیم دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ کاسپی کردنما ڕێگەی ھونەریشم گرت".

 

 
ئەو هونەرمەندە دەشڵێت" سوپاس بۆ خوای گەورەو خۆشەویستی بینەرەکانیشم توانیم بگەمە ئەم ئاستە چاوی ھەمووتان ماچ ئەکەم و ھەمیشە خزمەتکاری سەرجەم ھەوادارانی خۆمم بەوانەی خۆشیان ئەوێم و بەوانەش کە ڕەخنەم لێ ئەگرن خوا ھەموو لایەکمان بپارێزێت ".

 


ماهیر سەرجەم ئەو کارانەی کردوونی بە منداڵی و میرمنداڵی بەم شێوەیە ریز دەکات:

 
1- پسکیت و بنێشت و جۆرەکانی شیرینی 
٢ -محەلەبی فرۆشتن 
٣ - ئەزبەرید فرۆشتن 
٤ - شەکلەمە فرۆشی 
٥ - پەشمەک 
٦ - دەنکە ھەنار 
٧ - کالیارو ترۆزی فرۆشتن 
٨ - گووڵە بەڕۆژە فرۆشی 
٩ - شوتی فرۆشی 
١٠- لیمۆ فرۆشتن 
١١- مۆز فرۆشی 
١٢- یانسیب دانان 
١٣- بیتاقە فرۆشی 
١٤- ترشیات فرۆشتن 
١٥- جگەرە فرۆشتن 
١٦- توحفیات و فەرشی بچوکی ئێرانی 
١٧- حەماڵی 
١٨- شیش بەستن 
١٩- گەچکاری 
٢٠- بۆیاخچێتی دیوار 
٢١- شاگردی دیوار دانان 
٢٢- کار کردن لە سایلۆی سلێمانی کە ڕووخا شیشم دەبەست شەفتی ١٢ی شەو بۆ ٨ی بەیانی 
٢٣- قوتابی بووم لە ٦ی سەرەتایی ٢ی شەو ھەڵئەستام بۆ نانەوایی ئەو ڕۆژانەی کە نیوەڕوان بوومایە ١٢ی نیوەڕۆش ئەچووم بۆ خوێندن. 
٢٤- ئاسنگەری لە گەنجینەی قەدەم خێر 
٢٥- شاگرد مەگعەم 
٢٦- شاگرد خەیاتی 
٢٧- دەلاکی 
٢٨- مەسکەت و لەبزینە فرۆشی ئەمە ھەر لە تەمەنی مناڵیما بووە لە ساڵی ٧٠ کانا. 
٢٩- ئیشی سینەما جیھازی سینەمام دائەنا لە ساڵی ١٩٨٠ و ١٩٨١. 
٣٠- کاری ھونەری لە پشتی شانۆ پاک کردنەوەی سەر شانۆش.
٣١- ھەر لە ساڵی ١٩٨٠  سەرەتای نواندنم دەستی پێکرد ئەگەر چی لەساڵی ١٩٧٩ دا لە چالاکی قوتابخانەکان بەشدار بووم لە کارێکی شانۆییدا بۆ یەکەم جار.

 


PM:09:32:17/12/2020