"هەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە، ته‌نیا هەندێك وردەكاریی ماوە"

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" ھەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، تەنھا ھەندێك وردەكاریی تەكنیكی ماوە لەسەری بگەنە رێككەوتن و بڕیارە شاندەكە لە بەغدا بێت تا رێككەوتن دەكرێت.

 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنەكان بەردەوامن لە گفتوگۆكردن و لێكنزیكبوونەوەی باش لە نێوان ھەردوولا ھەیە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماوە لەسەری بگەنە رێككەوتن، ئەو وردەكاریانەش زیاتر تەكنیكین".

ئەحمەد سەفار وتیشی" دانوستانەكان بەردەوام دەبن تاوەكو دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی و بڕیارە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەغدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمجارە دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی".

دەشڵێت" جارێ وردەكارییەكان ماون یەكلا بكرێنەوە لە نێوان ھەردوولا و ھەر كاتێك گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، ئەوكات بە فەرمی رایدەگەیەنن". 

شاندی حكوومەتی ھەرێم ماوەی چەند رۆژێكە لە بەغدایە و بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکیان ئەنجامنەداوە.



AM:10:03:18/12/2020