سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەداخەوە بابەتی موچە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لەدژی خەڵکی کوردستانو لەمساڵیشدا بەغدا تەنها بەشە موچەی شەش مانگی ناردوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد و بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبونەوەکە گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە.
لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانویەکی بۆ حکومەتی بەغدا نەهێشتوەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستور، بەڵام بەداخەوە بابەتی موچە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان ، کە لە مساڵدا بەغدا تەنیا بەشە موچەی شەش مانگی ناردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن کە ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستور.
لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال کرایەوە، لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە . سەرۆکی حکومەت داوایکرد ڕێککەوتننامەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک تەنیا ئەنجامدانی هەندێک ڕێکاری ڕوکەش بێت.