پەرلەمانتارێكی گۆڕان بۆ بەشیر حەداد: هیچ فەرمانبەرێک ئامادەنیە گۆشتى لاڕانى خۆیان بخۆن

دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو" گۆشتی لاڕانی خۆمان بخۆین له‌ منه‌تی قه‌ساب باشتره". پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەوەڵامدا دەڵێت" با ئەوانەی لە بەغدا ٣٠ رۆژ جارێك موچە وەردەگرن بۆ جارێك خواردنی گۆشتی لاڕانی خۆیان تاقی بكەنەوە". 

 

دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا بەناونیشانی (بۆ مامۆستا بەشیر حەداد) رایگەیاند" پێموانیە هیچ فەرمانبەرێک ئامادەبێت گۆشتى لا ڕانى خۆى بخوات، داھاتی نەوت و ناوخۆ و سنورەکانیش بەم شێوەیەی ئێستابێت، بۆ چاکسازی و پاکسازى و موحاسەبەی گەندەڵکاران، پێش بەغداد با ڕوى قسەکانمان لە دەسەڵات و بەرپرسانى هەرێم بێت".

 

نوسیویه‌تى" مامۆستا بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەوتارێکدا کە دەردەکەوێت، وتارى هەینییەو یەکێکە لەمزگەوتەکانى هەولێره‌ دەڵێت:"لەم ڕۆژانەدا عێراق قیمەتى دینارى خۆى کەمکردەوە، قەسەم بەخوا کە گیانى هەمومانى بەدەستە، ئەگەر چاکسازیى‌و پاکسازى بکرێت لەعێراق پێویستمان بەدابەزینى قیمەتى دینارنییە!".

 
ده‌شڵێت" بۆ عێراق ئەم قسەیەی مامۆستا بەشیر جارێک ڕاستبێت، بۆ هەرێمى کوردستان هەمان سوێندو هەمان قسە دەیانجار ڕاستترە، ئەگەر چاکسازى‌و پاکسازى ڕیشەیى لەهەرێم بکرێت، کەمێک لەو دزیى‌و گەندەڵیەى هەیە کەمبکرێتەوەو موحاسەبەى گەندەڵکاران بکرێت، پێویستناکات هێندە لاى عێراق زەلیل بین".

 

ئه‌وه‌شى خستەڕوو، ئەوکات لەبرى ڕیش، دەست بەسمێڵماندا دەهێنین‌و فەرمانبەرانیش 30 ڕۆژ جارێک بێ لێبڕین موچەى خۆیان وەردەگرن، لەدابەزینى بەهاى دینار فەرمانبەرانى هەرێم، لەگەورە بازرگانەکانى عێراق زیاتر زەرەرمەندبون، پێموانییە هیچ فەرمانبەرێکى هەرێم، ئامادەبێت گۆشتى لا ڕانى خۆى بخوات، داهاتى نەوت‌ و ناوخۆو سنورەکانیش لەتونێلى تاریکیدا بێت، ئەوانەشى ئەم قسانە دەکەن، پێش فەرمانبەرانى بێ موچەى هەرێم‌و موچەى بەغدایان کە (٣٠ ڕۆژ جارێک  وەریدەگرن) بۆجارێک با خواردنی گۆشتی لاڕانی خۆیان تاقی بکەنەوە.



PM:03:07:26/12/2020