بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی زیاتر لە ١٠٠ لێپرسراو و کارمەند لەلایەن ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە ڕۆژئاڤای کوردستانەوە، ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کران و، ئەگەر تۆمەتەکان بەسەریاندا ساغبێتەوە سزای قورس دەدرێن.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات " مەسەدە " لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت" ھەڵمەتێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی لە کەرتەکانی گشتی و تایبەت لە سنووری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کاردەکەن".
لەو راگەیاندراوەدا ئاشکرا دەکرێت کە لەو ھەڵمەتەدا، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ لێپرسراو و کارمەند ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون و ئەگەر تۆمەتەکان بەسەریاندا ساغبێتەوە سزای قورس دەدرێن.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو سزایانەی بەسەر گەندەڵکاراندا دەسەپێنرێت بۆ پاراستنی داھاتووی ناوچەکەیە چونکە گەندەڵکار و کەسانی کەمتەرخەم لە کەرتی گشتی و لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری جێگایان نابێتەوە.