جەمیلە ئەو ژنەی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەیەکێک لە ئافرەتە ناودارەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەستنیشانکرا، کوڕەی کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیە و پرۆژەی سیستمی خۆراکیی کیتۆی لە هەرێم بڵاوکردەوە، ماوەی چوار رۆژە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەستبەسەرە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە " پەکەکە "ەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کەسوکاری ئەو کوڕە کە ناوی مەزنە رایگەیاندووە" کوڕەکەیان لە رۆژی ھەینی رابردوودا رێستۆرانتێکی تایبەت بە کیتۆی لە شاری ھەولێر کردووەتەوە و لە سەرلەبەیانی رۆژی شەممەشدا لەلایەن ھێزێکی ئاسایشی شارەکەوە دەستبەسەرکراوە".
کەسوکارەکەی باس لەوەش دەکەن، دوای چەندین جار پرسیارکردن و ھەوڵدان، بەڵام ھێشتا ئاسایشی ھەولێر مۆڵەتی بینینی مەزنیان بە کەسوکارەکەی نەداوە و تەنیا بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵکردووە.
لەبارەی ھۆکاری دەستگیرکردنیشیەوە، کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوەکرد، لە ئاسایشی ھەولێرەوە بیستوویانە، کە مەزن بە دوو ھۆکار دەستگیرکراوە، یەکەم گوایە کاری بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە و دووەمیش دەمانچەی پێبووە.
کەسوکارەکەی دەشڵێن، مەزن ھیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە و ئە بیانوە بێ بنەمایە. بۆ تۆمەتی دووەمیش باسیان لەوەکرد، کە مەزن مۆڵەتی ھەڵگرتنی دەمانچەی لە سلێمانی دەرھێناوە و بەبێ مۆڵەت دەمانچەی ھەڵنەگرتووە.
مەزن ھەیاس، کە بە قسەی کەسوکارەکەی وەک بە ئێن ئار تی یان راگەیاندووە "لە خۆشەویستی دایکیدا ناوی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە ناوی دایکیەوە کردووە و ناوی خۆی ناوە مەزن جەمیلە"، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانییە.