وەزیری تەندروستی روونکردنەوە لەسەر خەرجکردنی ٣٧ ملیۆن دۆلار دەدات

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەسەر  خەرجکردنی 37 ملیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەدات و رەتیدەکاتەوە بەهەدەردانی تێداکرابێت. 



لەرونکردنەوەیەکی سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری تەندروستی کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە تیایدا هاتووە "بودجە تەرخانكراوەكان بۆ نەخۆشی كۆرۆنا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام مانگانە دابین دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن گەنجینەكانەوە وەکو هەر بودجەیەکی دیکە خەرجدەكرێت".  


  

هەروەها هاتووە "یەك سەنت، یان یەك دیناریش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی خەرج نەكراوە، بەڵکو تەواوی دەسەڵات بە فەرمانگەكانی تەندروستی دراوە بۆ خەرجكردن، كە بەڕێكوپێكی بۆ بابەتە هەستیار و پێویستیەكان لەسەر بنەماكانی ڕێنمایی دارایی خەرجدەكرێت و پسوڵەو ووردەكاریەكان دوای ووردبینی کردن لەلایەن گەنجینەكانەوە وەردەگیرێتەوە".  


  

ئەمڕۆ تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکەن "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستی تۆڕەکەمانە، لەماوەی ڕابردوودا  ٣٧ ملیۆن دۆلار بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە، بەڵام سەرچاوە و شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیە بە  نادیاری ماوەتەوە.و، زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە وەزیری تەندروستی خەریکی تەخشان و پەخشانکردنی بەشێکی ئەو پارەیەیە".

 


هەروەها هاتووە " بۆ نمونە، وەزیری تەندروستی پارەیەکی زۆری بە فێرۆداوە لە بەناو نۆژەنکردنەوەی ئۆفیسەکەی خۆی لە ناو وەزارەتی تەندروستی، ئەم ڕەفتارەی وەزیری تەندروستی لە کاتێکدایە کە پزیشکان و کارمەندان بە تەواوەتی موچەیان وەرنەگرتوە و نەخۆش ناچار دەکرێت لە دەرەوە دەرمان بکڕێت و پارە لە خەڵک وەردەگیرێت لە بەرامبەر پشکنینی کۆرۆنا."    

  


ئەو تۆڕە داوا دەکات دەزگا پەیوەندیدارەکانی داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی و پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بکرێت کە بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە.

 


PM:11:52:03/01/2021