پەرلەمانتارێک: چاکسازی جێبەجێنەکراوە و دۆسیەی خانەنشینی و سەربازی پێداچونەوەی بۆ نەکراوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" تا ئێستا یاسای چاکسازی جێبەجێنەکراوە و پیاچوونەوە بۆ مەلەفی ئەوانە نەکراوە کە گومان دەکرێت نایاسایی بن". 

 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپەیجی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" دوای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر یاسای چاکسازی و شەش مانگ بەسەر جێبەجێکردنی یاساکەدا، تائێستا ناوەڕۆکی یاساکە جێبەجێنەکراوە و بڕینی موچەی 10609 کە دوو موچە لەدەرەوەی یاسا وەردەگرن هەنگاوێکی باشە، بەڵام دۆسیەی شەهیدان، خانەنشینی، هێزە سەربازییەکان، خاڵە سنورییەکان، هێزی پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان، گرێبەستی نەوت، بۆڕی گواستنەوەی نەوت و گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار لەلایەن بانکێکی ئەهلییەوە تائێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنراوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆنمونە لەکوردستان 240 هەزار موچەخۆری خانەنشینی هەیە کە زۆرێکیان پارتی و یەکێتی بەنایاسایی دایانمەزراندوون بەبێ ئەوەی رۆژێک دەوامیان کردبێت، 270 هەزار پێشمەرگە و 104 هەزار پۆلیس و ئاسایش فایلەکانیان رێکنەخراوەتەوە نازانرێت پێشمەرگە و پۆلیسی راستەقینە چەندن و ئەوانەشی بندیوارن و دەوام ناکەن چەند کەسن. 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، لەئیستادا لەدەروازە سنورییەکان بەبەهای 170 ملیار دینار گەندەڵیان تێدا دەکرێت و نازانرێت پارەی بەشێک لە باج و گومرگ دەچێتە گیرفانی کێوە، هەروەها لەسەرجەم بابەتەکانی تایبەت بەنەوت هیچ هەنگاوێکی چاکسازی نەنراوە. 

 

ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد و تێیدا مووچە و خانەنشینی 10 هەزار و 609 مووچەخۆری راگرت. 



PM:10:03:04/01/2021