رێکخەری ژووری دیبلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەنگدانی ئەوان لە پەرلەمان بە کاندیدی پارتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەیوەستە بەدەنگدان بۆ بەرپرسی دەستەی سندوقی داهاتە نەوت و گازییەکانە کە پشکی گۆڕانە.
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداودا، هۆشیار عومەر بەرپرسی ژووری دیبلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان لەوەڵامی پرسیارێکدا کە سبەی فراکسیۆنی گۆڕان دەنگدەدەن بە د. کەمال ئەترووشی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وتی " سیاسەتی گۆڕان لە بارەی دۆسیەی نەوت و غازەوە نەگۆڕە، کە ئەویش داهاتی نەوت و گاز و هەموو ئەو بابەتانەی بەو پرسەوە بەندە شەفاف نییە، بەو هیوایەین بە ئاراستەی شەفافییەت بڕوات، جگە لەمە دەنگدانی گۆڕان پەیوەندی بە دەنگدان بە بەرپرسی دەستەی سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوت و گازییەکانەوە هەیە کە ئێمە کاندیدی خۆمان بۆ ئەو پۆستە ماوەی چەند مانگێکە پێشکەشکردووە کە پێویستە دەنگ لەسەر ئەویش بدرێت".
کاندیدی گۆاڕن بۆ ئەو پۆستە، وەک " سپی " ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێم.
تا ئێستا یەکلایی نەبۆتە کە گۆڕان هەر ١٢ پەرلەمانتارەکەی دەنگ بە کاندیدی پارتی دەدەن بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەگەر ئەم لێدوانەی هۆشیار عومەر سیاسەتی گۆڕان بێت، سبەی لیستی گۆران دەنگ نادات بەکاندیدەکەی پارتی.
تا ئێستا لیستی پارتی بە کەمینەکانەوە ٥٦ دەنگی پەرلەمانتارانی کۆکردۆتەوە بۆ دەنگدان بە د. کەمال ئەتروشی، کە ئەوانیش ٤٥ کورسی پارتی و کەمینەکانە، هەرچی کۆمەڵ و یەکگرتووە یەکلایی بۆتەوە کە دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی نادەن، یەکێتی و لیستەکانی تر هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە.