وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق جەخت دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق تۆمار نەکراوە. ئەوە لە کاتێکدایە ئیبراهییم سمیدعی نوسەر و شیکار رایگەیاند کە تووشی جۆرە نوێکەی ڤایرۆسەکە بووە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت " تا ئێستا تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پشتڕاست نەکراوەتەوە."
ئەمشەو ئیبراهیم سەمیدعی نوسەرو توێژەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی، "بەپێی بەدواداچوونە پزیشکییەکان بۆ نیشانەکانی لەلایەن دکتۆر مورتەزا جەبارە و عەلی ناجح عەوادی و موهەندی عەزار دەرکەوتووە، کە تووشی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە."
دەشڵێت، "کێشەی ئەو ڤایرۆسە لەوەدایە کە لە هەموو دەزگایەکی تاقیگەیی PCR دەرناچێت و پێویستە وەزارەتی تەندروستیی ئامێرەکانی نوێ بکاتەوە."
ڤایرۆسە نوێکەی کۆرۆنا لە هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران کە دراوسێ عێراقن چەند رۆژێکە بڵاوبۆتەوە.