ئاسیا سێڵ: کەرتی مۆبایل بەپێی دەستووری عێراق لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵیدایە

لەیەکەم کاردانەوەی کۆمپانیاکانی مۆبایل لەبارەی بڕیاری باجی حکومەتی هەرێم، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند" کەرتی مۆبایل بە پێی دەستوور لە عێراقدا لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵیدایە و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی دەوڵەت لە بەغداوە رێکدەخرێت".  


عەبدوڵا حەسەن وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پابەند بووە بە یاسای باجی فرۆشراوەکان و بە تەواوەتی هەستاوە بە دەفع کردنی، هەر لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە کە تیایدا یاساکە دەرچووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کە ئەویش باجی فرۆشراوەکانە لەسەر بەکاربەر بە رێژەی ٢٠٪ ی نرخی کارتەکانی پڕکردنەوەی بالانس". 


وتەبێژی ئاسیاسێڵ لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " کەرتی مۆبایل بە پێی دەستوور لە عێراقدا لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵیدایە و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی دەوڵەت لە بەغداوە رێکدەخرێت". 


عەبدولآ حەسەن، وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت" پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی زیاتر بدات لە سەر ئەو خاڵەی کە لە بریارەکەدا لەبارەی کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە هاتووە چونکە روون نییە".


دوێنێ دوو شەممە ١١ ی کانوونی دووەم حکومەتی هەرێم لە بارەی باجەوە ژمارەیەک بڕیاری دەکرد کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی ناوەندێکی بەرفراوانی دامەزراوەکان و هاوڵاتیان.
 


PM:07:19:12/01/2021