وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، ژمارەی سەربازانیان لە عێراق و ئەفغانستان بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کەمکردووەتەوە. بەوشێوەیە لە هەر یەکە لەو وڵاتانە تەنیا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی دەمێنێت.
لە راگەیێندراوی کە ئەمڕۆ هەینی ١٥ ی کانوونی دووەم وەزارەتی بەرگریی بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە "ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بۆ ٢ هەزار و ٥٠٠ کەمکردەوە کە لە ١٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دابوو".
کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وەک لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، پەیوەندیی بە زیادبوونی توانای هێزە عێراقییەکانەوە هەیە. پێنتاگۆن دەڵێت "کەمکردنەوەی هێزەکانمان بەڵگەی ئەوەیە بەرەوپێشچوونی راستەقینە لە توانای هێزە عێراقییەکاندا دەرکەوتووە".
هەروەها هێرشێکی توند کراوەتە سەر ئێران بە کاراکتەری نا ئارامی لە عێراق و یەمەن و سوریاو لوبنان ناوزەدی دەکات.
بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا بەجێهێنانی بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە "جەنگە ناکۆتاکان".