ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی پارتی لەبەغدا ئاشکراکرا

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت" کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەرهەمدار بوون و گەیشتوونەتە لێكتێگەییشتن و بڕوای هاوبەشی سیاسی". 

 

ئەمڕۆ شەممە جەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی" وەك شاندی پارتی، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لە بەغدا گەیشتینە لێكتێگەیشتن و بڕوایەكی هاوبەشی سیاسی لەبارەی كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەكانی چاكسازیی ریشەیی". 

 

ئێمنیكی باسی لەوەش كردووە، لە بەغدا باسمان پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ كرد، كە بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستیی پەلەكردن لە چارەسەركردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پێداویستییەكانی سازان و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی.  

دەشڵێت"هەرێمی كوردستان هیچ رۆژێك درێغی نەكردووە لە جێبەجێكردنی ئەركی سەرشانی بەرانبەر بە حكوومەتی فیدراڵ، بەڵكو رۆڵێكی پێشەنگ و تەواوكەر و میحوەریی بینیوە لە بواری تەناهی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی فیدراڵ، چ لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە قاعیدەوە تا دەگاتە لەناوبردنی داعش، یان داڵدەدان و لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری هەڵاتوو لە دڕندەیی داعش و تیرۆریستان". 

ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بنیاتنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، كە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق لەناو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها پێویستە لەو قۆناغە هەستیارە دوور بكەوینەوە لە بابەت و پرسە لاوەكییەكان و ورووژاندنی رق و كینەی چینایەتی و لایەنگرایەتی، لەگەڵ وازهێنان لە هەڵمەتەكانی رق لێبوونەوە و شێواندن و ناشیرینكردنی بەرانبەر كە زیان بە هەموو لایەك دەگەیەنێت.  



PM:02:37:16/01/2021