پەرلەمانتارێك: داهاتی سێ مانگی نەوتی هەرێم کەمتر لە سفر بووە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایەگەیەنێت" داھاتی سێ مانگی نەوت بۆ حکومەت کەمتر لە سفر بوو، حکومەت 76 ملیۆن دۆلاریش لەسەری قەرزار بووەتەوە". 

 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لەنوسینێکدا کەلە پەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەکردوە، داھاتی نەوت لە مانگی چوارو پێنجی و شەشی 2020 دا 590 ملیۆن دۆلار بووە، کۆی ئەو خەرجیانەی لەم سێ مانگەدا لە دۆسیەی نەوت کراون 666 ملیۆن دۆلارە، بەمەش خەرجیەکانی نەوت 76 ملیۆن دۆلاری زیاترە لە داھاتی نەوت، ئەوەش مانای وایە "نەوت ھیچ داھاتێکی نەبوەو حکومەت 76 ملیۆن دۆلاری قەرزاربوە بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی نەوت!. 

ئاماژەی بەوەشکردوە" حکومەتی ھەرێم لە 1ی نیسان تاوەکو 30 حوزەیران، 38 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتوە بە تێکڕای نرخ 15.78 دۆلار،  لە کاتێکدا تێكڕای نرخی برێنت لەو سێ مانگەدا 29.4 دۆلار بووە، واتە ھەرێم بە 13.78 (سێزدە دۆلارو حەفتاو ھەشت سەنت کەمتر لە نرخی برێنت) نەوتەکەی فرۆشتوە و کۆی داھاتی نەوت 590 ملیۆن دۆلار بوە، خەرجی کۆمپانیاکانیش 500 ملیۆن دۆلارو کرێی بۆری 155 ملیۆن دۆلاربووە، بەمەش تەنیا خەرجی کۆمپانیاکان و کرێی بۆری 65 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت زیاتر بووە". 

پەیوەست بە خەرجییەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتیش ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکردوە، لەم سێ مانگەدا خەرجیکانی نەوت زۆر زیاترە لە داھاتەکەی، بەشێوەیەک حکومەت نەک داھاتی نەبووە، بەڵکو 76 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم زیانەش حکومەت 415 ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیاکان وەرگرتوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ساڵانی ئایندە، ئەم 415 ملیۆن دۆلارە کە وەک قەرزە، بەمەش ڕەسیدی قەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەتی ھەرێم زیادی کردوە بۆ 4 ملیارو 333 ملیۆن دۆلار.

باسی لەوەشکردوە، ئەم 415 ملیۆن دۆلارەش کە وەک قەرز وەرگیراوە،  بەم شێوە بەکار ھاتوە :

76 ملیۆن و 295 ھەزار دۆلاری بۆ خەرجی نەوت
21 ملیۆن و 401 ھەزار  دۆلاری دانەوەی پارەی پێشەکی نەوت و گۆڕانکاری لە رەسیدی کڕیاران( دانەوەی قەرز) 
317 ملیۆن و 304 ھەزار دۆلار  بۆ موچە بەکار ھاتوە.

عەلی حەمە ساڵح پەیوەست بە گرێبەستەکانیش دەڵێت" خەرجی و گرێبەستەکانی نەوت بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زۆرن! نەوتی کوردستان بە نرخێکی زۆر ھەرزان فرۆشراوە! ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت ناگرێت! ئەگەر نەوتی برێنت 55 دۆلاریش بێت پوختەی داھات بۆ ھەرێم نزیکەی 17 دۆلار دەبێت".



PM:06:47:16/01/2021