تابلۆیەکی ژنانی شەڕڤان لە نەورویج هەرا دەنێتەوە



چەند ڕۆژە تابلۆیەکی هونەری ژنانی ڕۆژاڤا و وتەیەکی ئۆجالان لە نەرویج هەرای ناوەتەوە و تورکەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی تورکیا داوای لابردنی دەکەن و نەوریجیش بەفەرمی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

 


فراتنیوز بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەفەرمی نامەی بۆ بەرپرسی کۆمیتەی کولتور لە شارەوانی شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ناردووە و تێیدا داوای لابردنی  تابلۆ وێنەیەکی شەرڤانان لە ئۆسلۆ دەکەن کە ھونەرمەند گەلاوێژ وەلیدخانی شێوەکاری کوردی نیشتەجیێ ئەو وڵاتە کێشاویەتی و گوزارشت لە شۆڕش و خەباتی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات و وتەیەکی ئۆجالان رابەری زیندانیکراوی پەکەکەی لەسەرە.

 

 
لە وەڵامی ئەو نامەیەشدا، لەسەر ناوی شارەوانی ئۆسلۆی پایتەخت ”Eivor Evenrud“، بەرپرسی کۆمیتی کولتور و پەروەردەی شارەوانی ئۆسلۆ، بە تورکیای ڕاگەیاندووە: "ئێمە لە وڵاتەکەمان پەیرەوی ئازادی ڕادەربرین دەکەین، ھێزی سیاسی ناتوانی دەست لە کاروبار و پیشەی ھونەری وەربدات و سانسۆر بکات و داواکاریەکەتان ڕەت دەکرێتەوە".

 

 
ئەم نامەیەی تورکیا دوای ئەوە هات کە ئەو تابڵۆیەی گەلاوێژ وەلیدخانی هەرای ناوەتەوە و تورکە فاشیستەکانی نیشتەجێی نەرویج و ئەورووپای هەراسان کردوە و چەندین ڕۆژە کەوتونەتە هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر تابڵۆکە و گەلاوێژ وەلیدخانی. 

 

 
تورکەکانی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە " تیرۆریست لە ئۆسڵۆ ڕێزی لێدەگیردرێت ستایش دەکرێت" و داوا دەکەن کە شارەداری ئۆسڵۆ شاکاری هونەری هونەمەندێکی کورد لابەرن. 


لەو چوارچێوەیەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا شارەداری ئۆسڵو زیاتر لە هەشتا سکاڵای بۆ نێردراوە سەبارەت بەو شاکارە هونەریە کە لە شەقامی رۆزێنکرانتس هەڵواسراوە و گوزارە لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات. لە تابڵۆکەدا ڕستەیەکی عەبدوڵا ئۆجالانی تێدا نەخشێنراوە کە دەڵێت: "هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت". 

 

 
کاربەدەستانی شارەوانی ئۆسلۆ بە بایەخەوە لە تابلۆکە دەڕوانن و ڕەتی دەکەنەوە لای بەرن و ئەوەش لە چوارچێوەی ئازادی هونەر و ڕادەربڕیندا دەبینەوە.

 


لە بەرامبەردا، ئافڕێنەری کارە هونەریەکە واتا گەلاوێژ وەلەدخانی کە بەخۆی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێستا نیشتەجێی نەرویجە بە میدیاکانی نەرویجی ڕاگەیاندوە: ساڵانێکی زۆرە وێنەی ئەو ژنانەی دەکێشم کە وەک سیمبولی شۆرشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکۆشاون و ئەم کارەشم لە ئۆسلۆ لەو چوارچێوەیەدا نەخشاندووە.

 


AM:08:44:17/01/2021