قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە خانمان دەدات

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی هەبوونی مادەی خراپ و ماوەبەسەرچوو، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی خانمان ئاگادار دەكاتەوە لەكاتی سەردانكردنیان بۆ ئارایشتگاكان لە مەوادە جوانكارییەكان دڵنیاببنەوە پاشان بەكاریبهێنن". 

شێنێ عەتار نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند" لە ئەنجامی سەردانی لیژنەی ئارایشتگاكان، دەركەوتووە بەشێك لەخاوەن ئارایشتگاكان مەوادی خراپ و ماوە بەسەرچوو بۆ كڕیارەكانیان بەكاردەهێنن، ئەمەش زیان بەتەندروستی و پێستی ئەو خانمانە دەگەیەنێت".

وتیشی" لیژنەی ئارایشتگاكان، لە ئارایشتگاكان و شوێنەكانی جوانكردنی خانماندا، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر مەوادە جوانكارییەكاندا گرتووە كە بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەیانەوە شیاوی بەكارهێنان نین". 

ڕوونیشیكردەوە، پێكهاتەی سەرەكییەكان لە دروستكردنی مەوادەكانی جوانكاری كیمیاییە،‌ بۆیە لەكاتی بەسەرچوونیدا پێكهاتەكەیان دەگۆڕێت و زیان بەپێستی ئەو خانمانە‌ دەگەیەنێت ‌بەكاریدەهێنێت.

ناوبراو داوا لەخانمان دەكات، لەكاتی سەردانكردنتان بۆ ئارایشتگاكان لەو مادانە دڵنیابنەوە لەلایەن ئارایشتگاكەوە بەكاردەهێنرێت، پاشان ڕێگەیان پێبدەن ئاریشتەكانتان بۆ بكەن.

 

جەختی لەوەش كردەوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە، تەواوی مەوادە دەست بەسەرداگیراوەكان لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.



PM:03:17:17/01/2021