وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت" دوایی چاودێریکردنی دۆخی پرۆژەکانی پەلەوەری، دەرکەوتووە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێم تۆمارنەکراوە". 

 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دەنگۆى ئەنفلۆنزاى باڵندە ئاماژەی بەوەکردووە" دوێنێ یەکشەممە بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت، لیژنەی باڵای ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئامادەکاری و رێکارەکانی خۆپارێزی و پارێزگاری لە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا بەدوایی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەنفلۆنزای باڵندە لە پارێزگای سەڵاحەدین".

باس لەوەشکراوە، دوایی دیراسەکردنی دۆخی پرۆژەکانی پەلەوەری خۆشبەختانە دەرکەوت کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە بۆ ئامادەکاری زیاتر  وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ لیژنەکە دوایی دیراسەی خستنەڕووی  پێویستییەکان و دابەشکردنی نامیلکەی رێنماییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەنی کێلگە پەلەوەریەکان کرد. 

ئەوەش هاتووە" لیژنەی ئەنفلۆنزای باڵندەی ڕاسپارد بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵی رێنمایی و رێکارە پێویستییەکان بگرنەبەر بۆ ئەم مەبەستە لەو کۆبوونەوەیە چەندین بڕیار و راسپاردەی گرنگ پەسندکران".



AM:09:47:18/01/2021