پەرلەمانتارێک: ساڵ‌ و نیوێکە پەیوەندیمان بەگۆڕانەوە نەماوە

ئەندامێکی هاوپەیمانی هیوا کەهەفتەی ڕابردوو لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەنرا دەڵێت" پێنج پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان کە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیەیان کردووە ساڵ و نیوێك ده‌بێت هیچ ئیلتزامێكمان به‌ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و به‌جڤاتی گشتی و نیشتیمانییه‌وه‌ نه‌ماوه‌و ڕه‌ئی خانه‌ی ڕاپەڕاندن و جڤاتیش هیچ گرنگ نییه‌ به‌لامانه‌وه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ده‌ن بۆ خۆیانی ده‌ده‌ن".

 

د.غالب محەمەد عەلی ئەندامی هاوپەیمانی هیوا كەهەفتەی ڕابردوو لەناو پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنرا بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند" ئێمە ئەم هاوپەیمانیە پێشووتر هەمانبوو نزیكەی ساڵێك دەبێت گروپێكمان هەیە ناومان نابوو گروپی 15 بەڵام بەهۆی ئەوەی كەناوەكەی گروپ بوو نەماندەتوانی تۆماری بكەین لەناو پەرلەمان وەكو فراكسیۆنێكی ڕەسمی لەبەرئەوە هەوڵماندا ناوەكەی بگۆڕین و بیكەین بەهاوپەیمانی هیوای كوردستانی، هاوپەیمانی بەپێی ئەو یاسایانەی لە پەیڕەوی ناوخۆ هەیە لەپەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانی پێكهاتووە لەكۆمەڵێك فراكسیۆن ، فراكسیۆنەكان وەكو خۆیان دەمێنن بەڵام لەكۆمەڵێك خاڵی هاوبەش یەكدەگرن و هاوپەیمانیەك دروست دەكەن". 

دەربارەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەوان وەك پێنج پەرلەمانتاری ئەو بزوتنەوەیە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیەیان كردووە، د.غالب وتی:" ئێمە ساڵ و نیوێك دەبێت هیچ ئیلتزامێكمان بە خانەی ڕاپەڕاندن و بەجڤاتی گشتی و نیشتیمانییەوە نەماوە هۆكارەكەشی پێموایە ئەوەیە كەئێمە بەنوسراوی ڕەسمی داوامان لەبزوتنەوەی گۆڕان كرد بكشێتەوە لەحكومەت ئەگەرنا ئێمە هەموو پەیوەندیەكانی خۆمان هەڵدەپسێرین لەگەڵ شوێنە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كەجڤات و خانەی ڕاپەراندن و ئەوانەیە، لەوكاتەوە ئێمە هیچ ئیلتزامێكمان نەكردووە بەئەوانەوە ئەوەی كەهەبووە بۆچوونی خۆمان هەبووە ئێمە ناوی فراكسیۆنەكەمان هەڵگرتووە هەر پێنجمان لەوێن چونكە كەسی ترمان نییە بۆچونی جیاوازی هەبێت بۆئەوەی فراكسیۆنەكەی بۆ بەجێبهێڵین". 

د.غالب زیاتر ڕوونیكردەوە، ئێمە هەموو پەیوەندیەكمان لەگەڵ جڤات و خانەی ڕاپەڕاندا هەڵپەساندووە، واتە هیچ مامەڵەیەكمان لەگەڵیاندا نییە وە بە نوسراوی ڕەسمی ئاڕاستەمانكردوون نوسراوە ڕەسمیەكەشمان لە دوو سێ بەیاننامەدا بڵاو كردۆتەوە."

سەبارەت بەدەنگۆی ئەوەی گوایە پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لەبزوتنەوەی گۆڕان كردووە كە ئەو پەرلەمانتارانە پاشگەزبكاتەوە لەو هاوپەیمانێتیە یا هەڵوێستی خۆی هەبێت؟ د.غالب محەمەد وتی" هیچ ئاگامان لێی نییە ئەوەی كەدەیبیستین هەر لەدەمی خەڵك و سۆشیاڵ میدیاوەیە بەڵام ئەوان هەر بڕیارێك دەدەن بۆخۆیان دەیدەن چونكە ئێمە تازە پەیوەست بووین بەم هاوپەیمانییەوە، و "ئیلتزامی" پێوە دەكەین، وە پشكی شێری هاوپەیمانیەكە لەسەر ئێمەیە، ئێمە پێنج ئەندام پەرلەمانیین كە لەناو ئەو هاوپەیمانیەین ، ئێمە نوێنەری دەنگدەری ناڕازیین لە پارێزگای سلێمانی بەو دەنگدەرانەی بزوتنەوەی گوڕانیشەوە لەبەرئەوە بەرگری تەواو لە مافەكانیان دەكەین ، وە ڕەئی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتیش هیچ گرنگ نییە بەلامانەوە هەر بڕیارێك دەدەن بۆخۆیانی دەدەن". 

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی هیوا زیاتر ڕوونیكردەوە" ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانیەكی پەرلەمانییە هاوپەیمانیەكی هەڵبژاردن نییە، تۆمارمان نەكردووە بۆ هەڵبژاردن ئێمە هاوپەیمانی لەناو پەرلەماندا دروستمان كردووە، واتە پەیوەست نییە بەهەڵبژاردنەوە، ئەم هاوپەیمانییە بۆ كاری پەرلەمانە و لەدوای ئەم خولەی پەرلەمان هاوپەیمانییەكە خۆی هەڵدەوەشێتەوە بەڵام هەركەسێك دەتوانێت بۆخۆی هاوپەیمانی تر دروست بكات، ئێمە مەبەستمانە تاپەرلەمان بەیەكەوە بین، كۆمەڵێك بنەمای هاوبەشمان هەیە لەمووچەی فەرمانبەران، گەنمی جوتیاران، ماددەی 140، لە پێشمەرگە، بەڕاستی لە 2001 وە تائێستا لەعێراقدا یەكێتی و پارتی خاوەنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خاوەنی دەنگەكانی هەرێمی كوردستان بوون ئێستا لەمەودوا ئەوە نەماوە ئێستا هاوپەیمانیەكی تر هەیە بەناوی كوردستانیەوە كەخاوەنی دەنگە ناڕازییەكان ودەنگی ئۆپۆزیسیۆنن و ئێمە بەرگری لەخەڵك دەكەین، وە چیتر پارتی ناتوانێت بەناوی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە و بەناوی نەتەوەی كوردەوە لەوێ قسە بكات چونكە هاوپەیمانیەكی تر هەیە لە پانزە كەس پێكهاتووە و بەرگری لەخەڵك دەكات."

د.غالب ئەوەشی وت" وەك ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین كەبڕگەیەك بكەینە ناو پڕۆژە یاسای بوودجە ئەگەر حكومەتی هەرێم ئیلتیزام نەكات و 250 هەزار بەرمیلەكە ڕادەست نەكات هەر پارێزگایەك بەسەربەخۆیی تووانی داهاتی فیدڕاڵیەكەی ڕادەست بكات مووچە و بودجەی بۆ بێت ئەوكاتە یەكێتی ئەگەر ڕاست دەكات بابێت لەگەڵ ئێمەدا ڕێكبكەوێت بۆ ئەوەی بتوانیین ئەو شوێنەی لەژێر دەستی یەكێتیدایە داهاتە فیدڕاڵیەكەی ڕادەست بكرێت بۆئەوەی بودجەی بۆ بێت ئەگەرنا كەواتە باكەس خۆی نەكات بەخاوەنی كورد، كورد خاوەنی دەوێت بۆ ئەوەی مووچەكەی وەربگرێت، كە هاوڵاتیەك دەنگ بە من دەدات وەكو كورد دەڵێت "غالب" بڕۆ شەڕم بۆ بكە، بەڵام ئەوان دەچن لەوێ خەریكی ڕێكەوتنی سیاسین و خەریكی كۆمپانیاكانی خۆیانن و خەریكی ئیش كردنن و خەڵكیش بێ مووچەیە ئەمە كوردایەتی نییە ئەمە كوردایەتیەكی درۆینەیە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی پەشیمان كردنەوەی ئەوانی نەداوە؟ د.غالب محەمەد وتی" ئێمە پەشیمان نابینەوە ئێمە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەڕاستی ئێمە ئەم هاوپەیمانیە دەپارێزین وە گرنگیەكی تایبەتی هەیە یەكێك لەقۆناغەكانە كەكورد پێی تێپەڕدەبێت ئەوەیە كەهاوپەیمانیەكی جیاواز لەپارتی و یەكێتی دروستبووە، وە هیوادارم دوای ئەوەی ئێمەش كەگەڕاینەوە كەئەندام پەرلەمانی تر خۆی هەڵبژارد و دەرچوو بچن هاوپەیمانیەكی وا دروست بكەن بۆ ئەوەی "تەفەرد" نەكرێت بەمەسەلەی نەتەوەی كوردەوە لەلایەن پارتی بەتەنها و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت، وە خەڵكیش تابێت برسی و بەدبەخت بێت، لە 2007 وە تامانگی سێی 2020، یەك ملیار و دووسەد و شەست و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە حكومەتی هەرێم بەڵام خەڵكەكەی بیست مووچەی وەرنەگرتووە". 



PM:01:40:18/01/2021