پارتی: ئیرادەی خەڵک رادەستی بەغدا ناکەین



ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دەربارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نەوت رادەستکردنی بەغداو ئێرادە رادەستکردنی بەغدا دووشتی جیاوازن و ، دەڵێت " تا پارتی مابێت ئیرادەی خەڵک ڕادەستی بەغدا ناکەین".  


ئاراس حەسۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی لە پۆستێکدا نووسیوویەتی " به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ په‌ڕله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا و له‌ هه‌رێم له‌م كاته‌دا كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر شێوازی ئیداره‌ی نەوت و بودجه‌ ڕێككه‌وتوون و پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ ڕه‌وانه‌ی په‌ڕله‌مانی عێراق كراوه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن، خه‌ریكی بیانوو و به‌یاننامه‌ ده‌ركردنن له‌ دژی ھەرێم و بێ هیچ هۆكارێك ده‌یانه‌وێت به‌ خه‌ڵك بڵێن ئه‌گه‌ر په‌ڕله‌مان ڕێگری كرد له‌م ڕێككه‌وتنه‌ هۆكاره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ نه‌وت ڕاده‌ست ناكات."  


  

هەروەها دەشڵێت " ئێمه‌ وه‌ك پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاشكرا وتومانە‌ به‌م شێوه‌ی له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجە داهاتووه‌ ئاماده‌ین نه‌وت و داهات ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌ین، به‌ڵام ڕادەستكردنی نه‌وت و ڕادەستکردنی كوردستان دوشتی جیاوازن."  


  


ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای دەکات "با هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ( نه‌یاران و دۆستانیش ) بزانن، تا پارتی مابێت و تا گه‌لی كوردستان ده‌نگ به‌ پارتی بدات ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان ڕادەست به‌ به‌غدا و هیچ كه‌سی تر ناكه‌ین."  
 


PM:11:24:19/01/2021