ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. تەرمی پێنج كۆڵبەری كورد دۆزرانەوە

دوای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ لە گیان لەدەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لە دەستدا، تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی هەشت ڕۆژ لە گیان لە دەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی گوندی (کوران) سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە سەرئەنجام تەرمەکانیان ئێوارەی ڕۆژی دوێنێ دووشەممە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ زێدەکەیان.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی کوران بەیانی ئەمڕۆ لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە" لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەو بنەماڵانەیان نەکردووە و هێزە چەکدارەکانی تورکیاش هەڕەشەی تەقە کردنیان لەو خەڵکەی کردووە کە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کردووە". 

ئەو پێنج کۆڵبەرە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە گوندی دریشک سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە و گیانیان لە دەست دا.

PM:07:02:26/01/2021