لەبارەی گێچه‌ڵی سێكسی لە فێرگە وەرزشیه‌كان رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەبارەی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە فێرگەکاندا نەکردووە". 

 

شاکر ئەحمەد سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لەسەر گێچەڵی سێكسی بۆ سەر منداڵان، لە فێرگە وەرزشیه‌كان بە تایبەت تۆپی پێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەفەڕمی لەهەرێمی كوردستان چوار مۆڵەتی فێرگەی وەرزشی بەڕێنمایی زۆر باش و چاودێری تووند بۆ پێگەیاندنی منداڵان هەیە، هەر فێرگەیەكی تر هەبێت ئەوا نایاساییە و مۆڵەتی نییە لەهەر شوێنێك بێت". 

 

سەبارەت بە دۆسیەی دەستدرێژی كردنی سێكسی بۆ سەر منداڵانی فێرگەكانی تۆپی پێ شاکر ئەحمەد سمۆ وتی" ئەو بابەتەی باسكراوە جێگای داخ بووە، بەر لەساڵێك لە فێرگەی بازیان ڕوویداوە کە فێرگەکە هیچ موڵەتێکی فەرمیی نییە و ئەو راهێنەرەشی کە ئەو کارەی کردوە، راهێنەری تیپی کوڕانی ئۆجەلان بوە و ئێستا لە زینداندایە".

 

بەڕێوەبەری گشتی وەرزش باسی لەوەشکرد، لەسەر ئەو دۆسیەیە بە بڕیاری وەزیری ڕۆشنبیری بڕیاردرا، ٦٠ فێرگەی وەرزشی لەسلێمانی دابخرێن، چونكە مۆڵەتیان نییە، نوسراویش ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەن بۆ داخستنی هەر فێرگەیەك كە مۆڵەتی فەڕمی نەبێت لەهەر شوێنێك بێت.

 

ناوبراو جەختیشکردەوە، تاوەکو هەفتەیەکی دیکە موڵەت دراوەتەوە ئەو میدیایەی کە بابەتەکەی بڵاوکراوەتەوە و بە نوسراوی فەرمی داوای بەڵگە دەکەین لەبارەی ئەو بابەتەوە، ئەگەر بەڵگەی پێویستمان نەخەنە بەردەست لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییە دەیدەینە دادگا و موڵەتی کارکردنیشیان لێ وەردەگرینەوە.

 


PM:03:30:28/01/2021