باڵیۆزی ئەمریكا‌ و سەرۆکی حکومەت كۆبوونەوە

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمەریکا کرا.

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بەشداربو، بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا". 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا" جێی خۆشحاڵییە، سەرۆکی نوێ و بەڕێوەبەرایێتی نوێی ئەمریکا، شارەزا و ئاگاداری بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانن و ئامادەین بۆ کارکردن و هەماهەنگیکردن بۆ بەهێزترکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا".  

 

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕێڕەوی دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق و گرنگیی بەردەوامبونی هەماهەنگیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و لێکەوتەکانی و کێشە ئابوری وسیاسییەکانیان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.



PM:04:02:28/01/2021