ڤیدیۆ...سێ كەس دەستدرێژی دەكەنە سەر واحید عەلینەژاد ئەویش بە گریانەوە هەڕەشە دەكات

هونەرمەندی لاو واحید عەلینەژاد لە شاری هەولێر دەستدرێژی دەكرێتە سەر و ئازار دەدرێت.

واحید عەلینەژاد لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا لەڕێی پەیجە تایبەتەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان، ئاشكرای دەكات كە لە گەڕەكی خانەقای هەولێر سێ كەسی ماتۆڕ سوار دەستدرێژیان كردۆتە سەر و ئازاریان داوە.

واحید لە ڤیدیۆكەیدا لە ڕوخسار و شێواوەوە دەردەكەوێت نیشانەكانی ئازاردان بە جەستەیەوە دەردەكەوێت.

ئەو هونەرمەندە باس لەوە دەكات كە بۆ وێنەگرتنی چەند دیمەنێك چۆتە ئەو گەڕەكە تا بۆ دەرهێنەرێكی بنێرێت لە شاری دهۆك، ئەمەش بۆ كلیپێكی نوێ، بەڵام سێ كەس ڕێگایان پێگرتووە و بەو شێوەیە ئازاریان داوە.

واحید عەلینەژاد گلەی لە حكومەت و پەرلەمان و ردەزگا ئەمنییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هەیە كە ماوەی سێ ساڵ سوكایەتی پێ دەكرێت، بەڵام هیچ كەس و لایەنێك لەسەر ئەو نەهاتۆتە دەنگ.

ئەو هونەرمەندە بە چاوی پڕ فرمێسكەوە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لەو كەسانە دەكات كە سوكایەتی و بێڕێزی پێدەكەن و دەلێت " بەدوای ئەو كەسانە دەچم و دەیاندۆزمەوە، هەر كەسێكیش بە هەر شێوەیەك سوكایەتیم پێبكات سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەم".

واحید عەلینەژاد هونەرمەندێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی چەند ساڵێكە لە باشوری كوردستان دەستی بە كاری هونەری كردووە، بەردەوامیش بە لێدوان و دەركەوتنەكانی هەرا دەنێتەوە.



ئه‌م بابه‌ته ‌3549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:19:02/08/2016