خانمە پێشکەشکارێکی کورد: ئەو ماچەى خۆم دەمەوێ تا ئێستا نەمکردووە

ئەڵماس مستەفا شاعیر و پێشکەشکاری ڕادیۆ، باس لەوە دەکات عەشق هۆکارێکى گەورەبووە تا ببێت بە شاعیر، ناشی شارێتەوە تا ئێستا ئەو ماچەی خۆی دەیەوێت نەیکردووە.

ئەڵماس لە دایکبووى شارى سلێمانی و نیشتەجێى سوید، ماوەى 18 ساڵە شیعر دەنووسێت و ئەو دەڵێت "پێم وایە ئەگەر ژنە لەشفرۆشەکان وەک سۆزانییەک تەماشا بکرێن، پێویستە کڕیارەکانیش کە پیاوانن وەک سۆزانى تەماشا بکرێن، چونکە پیاوەکانى سیستەم و دەسەڵاتخواز و نێرپەرستن، ژنانیان ناچارى ئەو ژیانە ناشایستەیە کردووە، کەواتە پیاو تاوانبارە سەرەکییەکەن".

لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژنامەی وشە لەگەڵیدا ئەنجامیداوە هەروەها دەڵێت " بە دڵنیایییەوە دەڵێم هەرگیز پیاوان عاشق نابن، چونکە ئەوان ئەگەر عاشق بن بەڕاستى ئەو کەسەى خۆشیان دەوێ نایەڵن لە دەستیان بچێ، پیاوان پێیان وایە ئەگەر شەڕ لەسەر ئەوینێک بکەن، سالاریى خۆیان لە دەست دەدەن، بۆیە هەمیشە لە ململانێدان لەگەڵ خۆیاندا تا قودرەتى هێز خۆیان لە دەست نەدەن، بەمەش پاشەکشێ دەکەن لە شۆڕشى عەشق."

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

* ماوەى چەند ساڵە لە سوید دەژی و چ هۆکارێک واى لێ کردووی نیشتمان جێ بێڵی؟

لە ساڵى 2003 لە سوید نیشتەجێم، مردنى دایکم هۆى سەرەکى بوو بۆ ئەوەى نیشتمان جێ بێڵم، دواى مردنى دایکم ئیتر هیچ پشت و پەنایەکم نەما و لە هەموو شوێنێک نیگەران بووم، تەنانەت لە خۆشەویستی برا و خوشکەکانیشم بێبەش بووم، هەر هەفتە و هەر مانگێک لە ماڵى یەکێک لە خزمانم بووم و ژیانى وا تاڵم تا ئێستە لە هیچ خەون و ڕۆمانێکدا نەبینیوە.

* چەند ساڵە ئاشناى شیعر نووسینی؟

یەک ساڵ دواى مردنى دایکم، واتا ماوەى 18 ساڵە شیعر دەنووسم، چونکە ئەوکاتە زیاتر لە هەموو کاتەکانى ژیان من بێ ناز بووم، ئەمە واى لێ کردم شیعر بنووسم.

* بۆچى لە زۆربەى شیعرەکانتدا عەشق ڕەنگدانەوەیەکى دیارى بەسەرتەوە هەیە؟

عەشق هۆکارێکى گەورەبوو تا ببم بە شاعیر، من و عەشق هەمیشە بەدواى یەکدا وێڵین، بەڵام هیچمان ئەویترمان نادۆزینەوە، بۆیە سەرچاوەى شیعر لە مندا دروست بوو. تا ئێستە ئاوێتەى عەشق نەبووم و نازانم ئەو کەسە کێیە و ڕەنگى جلەکانى چۆنە، ئایا ئەویش وەک من هەناسە دەدات، واتا ئەویش مرۆڤە یان وەهمێکە لەناو سروشتدا بۆ ئازاردانى ڕۆحى مرۆڤەکان دروست بووە، هەموو ئەمانە بەهۆى نەبوونى سۆز و خۆشەویستى وایکرد شیعر چەکەرە بکات لە رۆحمدا.

* ئەو کەسەى کە تۆ ئەویندارى بووى پێى گەیشتى؟

ئەو کەسەى من ئەویندارى بووم بە داخەوە پێى نەگەیشتم، بۆیە کاتێک کتێبە ئاسمانییەکان دەخوێنمەوە یان لە ڕۆمانەکاندا نووسراوە لەو دنیا ئەویندارەکان بەیەک دەگەن، منیش تا ئەو دنیا هەر چاوەڕوانى دەبم بۆ ئەوەى بەم عەشقەم بگەم.

* بۆچى لە شیعرەکانتدا ئەوەندە سەرزەنشتى پیاوان دەکەى بەوەى پیاو لە کۆن و ئێستە نە عاشق بوون و نە عاشقیش دەبن؟

بە دڵنیایییەوە دەڵێم هەرگیز پیاوان عاشق نابن، چونکە ئەوان ئەگەر عاشق بن بەڕاستى ئەو کەسەى خۆشیان دەوێ نایەڵن لە دەستیان بچێ، پیاوان پێیان وایە ئەگەر شەڕ لەسەر ئەوینێک بکەن، سالاریى خۆیان لە دەست دەدەن، بۆیە هەمیشە لە ململانێدان لەگەڵ خۆیاندا تا قودرەتى هێز خۆیان لە دەست نەدەن، بەمەش پاشەکشێ دەکەن لە شۆڕشى عەشق.

* بۆچى لە هەموو دێڕێکى شیعرەکانتدا (ماچ)ێکى لەگەڵدایە؟

لەبەرئەوەى ئەو ماچەى کە خۆم دەمەوێ تا ئێستە نەمکردووە، ماچیش سەرچاوەکەى لە عەشقەوە دروست دەبێ.

* دوورى نیشتمان تا چەند کاریگەریى بەسەر شیعرەکانتەوە هەیە؟

غوربەت ڕاچڵەکێنێکى گەورەبوو لە ژیانمدا، توانا و هزرەکانمى فراوانتر کرد و واى کرد زیاتر ڕۆ بچم بە ناو دنیای شیعر، هەر کاتێک بیرى نیشتمانم کردبێ لەگەڵ هۆنینەوەى عەشقى شیعردا خەیاڵەکانم بردوومیانەتەوە کۆڵانەکانى نیشتمان و شەقامەکانى وڵاتم تەى کردووە و پیاسەم بە نێو باخچەکانى باخى گشتى و بەردەرکى سەرا کردووە و خۆم لە ئامێزى گۆیژەدا بینیوەتەوە.

* بۆچی لە شیعرەکانتدا زیاتر باس لە ئازار و خەمەکانى ژنان دەکەى؟

لەبەرئەوەى ژنان هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە دەچەوسێنرێنەوە، ئەویش لە زهنیەتى ئەو کولتوور و پیاوسالارییەیە کە تا ئێستە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا پێڕەو دەکرێت، ژنان بەناوى شەرەفەوە دەکوژرێن و دەچەوسێنرێنەوە و پیاوان هۆى سەرەکیى ئەو تاوانانەن، من لە گەشتێکمدا بۆ بەلجیکا لە بازاڕى برۆکسل، چاوم بە چەند ژنێک کەوت لە جامخانەدا بە ڕووتى وەستابوون، زۆر تێڕامام لەو دیمەنە و گوتم ئەمانە کێن؟ گوتیان ئەوانە لەشفرۆشن، بەبۆچوونى من دەبێت کومەڵگە خوێندنەوەیەکى نوێ بۆ چەمکى لەشفرۆشى بکات، واتا کێ لەشفرۆش و کێ پاڵنەرى ئەو دیاردەیەیە.

پێم وایە ئەگەر ژنە لەشفرۆشەکان وەک سۆزانییەک تەماشا بکرێن، پێویستە کڕیارەکانیش کە پیاوانن وەک سۆزانى تەماشا بکرێن، چونکە پیاوەکانى سیستەم و دەسەڵاتخواز و نێرپەرستن، ژنانیان ناچارى ئەو ژیانە ناشایستەیە کردووە، کەواتە پیاو تاوانبارە سەرەکییەکەن، ئەگەرچى هێزێک ناچارى کردووە ئەو ژنانە لەو جێگەیەدا ئەو کارە بکەن، بەڵام پیاوێکى کڕیار هیچ ناچارى نەکردووە ئەو مومارەسەیە بکات، ئەمە یەک لەو هۆکارانەیە من هان دەدات باس لە ئازار و خەمەکانى ژنان بکەم لە شیعرەکانمدا، چونکە هەست بە ئازارەکانى ناخى ئەو ژنانە دەکەم چۆن بە کۆیلە دەکرێن و ناچارى ئەو کارانەیان دەکەن.

* چ ستایلێک شیعرەکانت لەگەڵ شیعرى شاعیرانى تر جیا دەکاتەوە؟

ستایلى من نوێیە و شیعرەکانى خۆم بەوە جیا دەکەمەوە کە زۆر بە ڕاشکاوانە باسم لە عەشق و حەز و ئارەزوو کردووە و هەموو ئەو پەردانەم لا بردووە و سڵم لە هیچ داونەریتێک نەکردووەتەوە، هەرچەندە لەلایەن کۆمەڵگەشەوە زۆر بێزار کراوم، بەڵام بوێرانە هاتمە مەیدانەکە و قەڵەمەکەم ڕادەستى ئەو فیکرە دواکەوتووانە نەکردووە و برەوم بە نووسینەکەم داوە.

* لە ڕێگەى شیعرەکانتەوە هەڵگرى چ پەیامێکى نەتەوەییت، بە تایبەتى لەبارەى مافەکانى ژنان و دادپەروەرى و یەکسانى کۆمەڵایەتیدا؟

شاعیرى ڕاستەقینە دەبێت دەست بۆ هەموو چەمکێکى شیعر ببات، ڕاستە سەرەتا بە شیعرى عاشقانە دەستم پێ کرد، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا شیعرى نەتەوەییشم نووسیوە و باسم لە گرفتارى و نەهامەتییەکانى ژنان کردووە.

* تا چەند ئاشناى خوێندنەوەى کتێب و ڕۆمانی و ڕەنگدانەوەى کام شاعیر بەسەرتەوەیە؟

لە ساڵى 2008 دەستم بە خوێندنەوەى کتێبەکان کردووە، واتا بەر لەوەى بچمە ناو دنیاى شیعرەوە، هیچ جۆرە پەرتووکێکم نەخوێندبووەوە، هەروەها زۆر ئاشناى خوێندنەوەى ڕۆمانم، بە تایبەتى نووسەرە ڕووسەکان وەک "جەنگیز ئیتماتۆف" ئەو یەکێکە لەو نووسەرانەى زۆر شەیدایم، بەڵام هیچ شاعیرێک ڕەنگدانەوەى نەبووە لەسەرم کاتێک شیعرم نووسیوە.

* جگە لە شیعر، ئێستە وەک ڕاگەیاندنکار و پێشکەشکار کار دەکەی، دەکرێت بزانین ئەوە ئاواتى خۆت بووە یا بە ڕێکەوت؟

کارى ڕاگەیاندن ئاواتى چەند ساڵەمە کە هاتووەتە دى، هەروەها دایکیشم زۆر حەزى دەکرد وەک بێژەر لە ڕاگەیاندن کار بکەم، هەرچەندە ئەوکاتەى لە کوردستان بووم، لە ڕادیۆ وەک بێژەر کارم کردووە، لە شارى یوتوبۆرى سوید وەک بێژەر لە ڕادیۆ کارم کردووە، لە پاڵ ئەمانەشدا خۆشیى تۆنى دەنگم زیاتر هانى دام لە ڕاگەیاندن کار بکەم و هەستیش دەکەم لەو بوارەدا سەرکەوتووم.



PM:02:06:24/03/2017