فەرزاد چەند نهێنیەك ئاشكرادەكات

فەرزاد مەهدی، كە خاوەنی پلەی دووەمی كورد ئایدڵە چەند نهێنیەكی بەرنامەكە و پەیوەندیان لەگەڵ لیژنەی دادوەران ئاشكرا دەكات.

لە چاوپێكەوتنێكی بۆ خەندان لایف فەرزاد، بەشداربووی بەرنامەی كورد ئایدڵ باس لە ژیانی دەكات و دەڵێت "لە ساڵی 2014 لە تاران خەریكی كاری ئەكتەری بووم، پاش ئەوەی چووم بۆ سەربازی كە گەڕامەوە لە رۆژهەڵات ئەو دەرفەتە نەبوو كە بتوانم بەشداری بەرنامەیەكی لەو شێوەیە بكەم و كلتوری وڵاتەكەم و فەرهەنگی كوردی بپارێزم و برەوی پێ بدەم".

فەرزاد دەڵێت "پاش ئەوەی زانیم لە باشوری كوردستان دەتوانم گرنكی بەم بوارە بدەم، هەر بۆیە لەگەڵ گروپی رۆژهەڵات هاتمە سلێمانی و بەشداری بەرنامەكەم كرد و توانیم بگەمە فیناڵی بەرنامە".

سەبارەت بە بڕیاری لیژنەی دادوەران فەرزاد وتی "مامۆستایانی لیژنە زۆر هاوكارمان بوون و دادپەروەرانە بڕیارەكانیان دەدا، هەمیشە هونەرمەند عەدنان كەریم هەستی كوردایەتی دەبەخشی بە ئێمە و خاتوو كانی هەستی خۆشەویستی و مامۆستا نیزامەدین پەشۆكی ئێمەی كەم دەكردەوە".

لەبارەی دەرئەنجامی فیناڵی بەرنامەكەشەوە دەڵێت "ژیندا خاتونێكی زۆر باش بوو، زۆر هاوڕێین پێكەوە و پێش راگەیاندنی كورد ئایدل هەمان رۆژ ژیندا پێی وتم"فەرزاد خەوم بینیوە تەنها من و تۆ لە فیناڵدا دەبین، بەڵام من بروام نەكرد و پێكەنیم، جگە لەوەش پێم خۆش بووە من كورد ئایدڵ بم، بەڵام زۆر پێم خۆش بووە كە ژیندا یەكەم بوو پیرۆزبایی لێدەكەم و بە هیوام لە داهاتوو كاری زۆر باش بكەین پێكەوە".

فەرزاد بە ڕۆشتنی یەكێك لە بەشداربوەكان گریاوە و دەڵێت "بە رۆشتنی سەرجەم بەشداربووان دڵ تەنگ بووم، چونكە ئێمە وەك یەك خێزان وابووین و پێكەوە رێز و خۆشەویستی زۆر لە نێوانماندا هەبوو، بەڵام رۆشتنی ئاشتی منی خستە گریاند، جگە لەوەش بە رۆشتنی خاتوو تانیاش بێتاقەت بووم".

فەرزاد خۆشحاڵە بەوەی دوێتی لەگەڵ زۆریەك لە بەشداربوان هەبووە و دەڵێت "لەگەڵ هەریەك لە خاتوو غەزال و ئەشكان و تانیا هەستێكی زۆر خۆشم هەبوو، بەڵام بەراستی ئەشكان زۆر ماندووی كردم (بە پێكەنینەوە)، چونكە گۆرانیەكە هەورامان بوو راهێنانی زیاتری دەویست، ئەشكانیش تورە دەبوو كە بەردەوام من دەمووت با پرۆڤە بكەین، ئێمە بەعەشقەوە گۆرانیمان دەوت و هەموویان خوشكی منن".
 
فەرزاد پێیوایەهەموو رۆژێكیان لە كورد ئایدڵ یادگاری بووە، چونكە وەك حخۆی دەڵێت زۆر هاوكاربوون و "زۆر قسەی خۆشمان دەكرد و پێدەكەنین، ئەوە تاكە شتە كە بۆی بێتاقەت بم و یادگاریش بێت لای من".

فەرزاد وەك خۆی باسی دەكات بەڵێنی ئەوەی پێدراوەدراوە یەكەم و دووەمی كورد ئایدل كاریان بۆ بكەن، "هەر بۆیە چاوەروانی ئەوەم و بە هیوام جێگای ئەو رێزو متمانەیەی هەوادارانم بم، سوپاسیان دەكەم كە بە پاڵپشتی ئەوان من گەیشتمە ئەم قۆناغە".

فەرزاد مەهدی، تەمەن 27 ساڵە و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و یەكێك بوو لەو بەشداربووانەی لە بەرنامەی كورد ئایدل توانی تا فیناڵی بەرنامە قۆناغەكان بە سەركەوتووی ببرێت و ددوەمی پرۆگرامەكە بوو.



PM:04:06:17/07/2017