سەرچاوەیەک لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرای دەکات عەبادی بودجەی پارێزگای کەرکوکی ڕاگرتوە و هەڕەشەی بڕینی دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "فرات الاخبار" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی راگرتنی بودجەی كارپێكراوی پارێزگاكەی دەركردووە و نوێنەریشی بە نهێنی ناردۆتە پارێزگاکە تا لەو بڕیارە ئاگاداریان بکاتەوە.
هەواڵەکە لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە بڵاوکراوەتەوە کە نەیویستوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات ئەوەشی ئاشکراکردوە کە ئەم کارەی عەبادی وەک هەنگاوی یەکەمی فشارەکانی بەغدایە.
بە وتەی سەرچاوەکە عەبادی هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە موچەی مانگی نیسان خەرج ناكات ئەگەر ئاڵای كوردستان لەسەر هەموو فەرمانگەكانی شارەکە دانەگیرێت.
لەلایەکیترەوە ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی ئەو هەوڵەی عەبادییەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دواو بێئاگایی خۆی لەو بابەتە دەربڕی و ڕەتی کردەوە هیچ كەسێك وەك نوێنەری عەبادی هاتبێتە کەرکوک.
دوێنێ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی "ئاڵای کوردستان لە کەرکوک داناگیرێت ئەگەر عەبادی ئەو هەنگاوە بە نادەستوی دەزانێت با بچێت لە دادگای فیدرالی سكاڵا تۆمار بكات".