بەرپرسێکی یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی تاڵەبانی دەکات

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەکات و داوای لێدەکات ماتەمینی لە تەواوی هەرێم ڕابگەیەنێت.

عەتا سەراوی لە پۆستێکیدا لە ئەکاونتی تایبەتی لە فەیسبوکەوە نامەیەک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات و تیایدا هاتووە "پاش نیو سەدە خەبات بۆ گەلی کورد، مامۆستا و سەرکردەمان بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا هێندە بەس نییە کە تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕابگەینرێت، بەڵکو دەبێت لە هەموو کوردستاداندا لانی کەم سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕابگەینرێت".

عەتا سەراوی وەک لە دەقی نامەکەدا هاتووە داوا لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە لانی کەم سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕابگەیەنیت لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستاندا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 19ی ئایار نەوشیروان موستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆچی دوایی کرد و بەو هۆیەوە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سێ ڕۆژ ماتەمینی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هیچ کاتێکیان بۆ ماتەمی کۆچی ڕێکخەری گشتی گۆڕان لە هەرێم ڕانەگەیاندوە.



PM:09:15:19/05/2017