یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە ماتەمینی سەرتاسەری ڕاگەیاند و دەڵێت "نەوشیروان موستەفا بەدەر لەوەی سەرکردە بوو مامۆستا و هاوڕێمان بوو".
یوسف محەمەد، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "بەداخ و خەمێکی قوڵەوە، ئەمڕۆ کاک نەوشیروان مستەفا سەرکردە و کاریزمایەکی گەورە و یەکێک لە سیمبولە کەم وێنە و مەزنەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد کۆچی دوایی کرد".
لە پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "بەبۆنەى کۆچى دواى نەوشیروان مستەفاوە، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، ماتەمینی سەرتاسەریی ڕادەگەیەنم و پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکارى نەوشیروان مستەفا دەکەم".
یوسف محەمەد هەروەها دەڵێت "نەوشیروان موستەفا بەدەر لەوەی وەک سەرکردەیەکی مەزن و کاریگەر، لە ناوەوەی ڕوداوە گەرمەکانی نیو سەدەی خەباتی گەلەکەمان ئامادەییەکی گەورەی هەبووە، کاک نەوشیروان توێژەر و مێژوونووس و ئەدیبێکی دیار بوو، "ساغکردنەوەی دەیان بابەت و پرسی مێژوویی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی کوردی لە قۆناغە جیاوازەکانی نەتەوەکەماندا، بەڵگەیەکی تری کاریگەریی و قورسایی ئەو دەخاتە ڕوو".
لەدرێژەی پەیامەکەدا هاتووە "نەوشیروان مستەفا، دۆست و نەیارەکانی، وەک لوتکەی پاکی و خۆنەویستی و نیشتمان دۆستی و خاک دۆستی تەماشای دەکەن".
یوسف محەمەد ئەوەشی وتووە "کاک نەوشیروان بەدەر لە سەرکردە و مامۆستا و هاورێ، بۆ ئێمە پشت و پەناو سەرچاوەی راوێژ و رێنمایی کارمان بووە بۆ کاری پەرلەمانیی".