هاوسەری مامۆستا شەهیدەکەی خۆپیشاندانەکەی کۆیە نامەیەکی بۆ دەنووسێت

ھاوسەری شەھید ھێرش عومەر، ئەو مامۆستایەی کە لەخۆپیشاندانەکانی کۆیە شەھیدبوو، نامەیەکی بۆ مەرگی ھاوسەرەکەی نوسیوەو دەڵێت،" بەڵێنت دابوو چاک ببیتەوەو جێم نەھێڵی دڵەگیان کو لێکیان کردین ".

گەشاو یاسین لەسەر نامەکەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە دەنووسێت"ڕەبی قوربانی ئەو گۆڕەتبم، تائێستا بڕوا بە کۆچت ناکەم بەخوا دڵــــە، چونکە بەڵێنت پێدابووم کە بەجێم نەھێڵی و بێنازم نەکەی، بەڵێنت دابوو چاک ببیتەوە، چی بوو ئێستا لەناکاو ڕۆشتی، بەخوا باوەڕ ناکەم قەت قەت".

ئەو هاوسەرە گەنجە دەنووسێت "ھەر چاوەڕێم بگەڕێیتەوە وەکو جاران، بە پێکەنینەوە بێیتەوە ماڵ، قوربانی چاوە کانت بم، خودایە کە ھەمیشە لۆم پێدەکەنی، ئەوە دوا ڕەسممان بوو پێکەوە دڵە، دوا یادگاریمان بوو دوا خۆشیمان بوو، دوا سەفەرمان بوو".

گەشاو نووسیوویەتی " کو دڵیان ھات وات لێبکەن، ڕەبی دەستیان بشکێت، ڕەبی ڕسوای دنیاو قیامەت بن، خوا لە ناویان بەرێت ئینشەئەڵا خوا حەقمان بکاتەوە، دڵەگیان کو لێکیان کردین، ماڵیان کاولکردین خوا ماڵیان کاول بکات، تۆڵەی خۆشەویستیەکەمان دەگات بەخودا دڵە ئینشەئەڵا. ئەتوو بەئارامی بخەوە ڕۆحەکەم ھێندەی نەماوە، دێمە لات و باسی ئەو ئازارانەی ئێستات بۆدەکەم، پێت بڵێم ڕۆشتنت چەندە زەحمەت بوو بۆم، بە ڕۆشتنت چەندە وێران بووم"گەشاو وای وتووە.

لەکۆتایی نامەکەدا، نوسیویەتی،"ڕوحت شادبێت گیانەکەم، ھەرگیز لە یادم نەکردووی و لە یادت ناکەم، لە دڵما دەژی، خۆشم دەوێی ھەتا دەمرم، ھێرشەکەم، جێگات بەھەشت بێت".

گەشاو یاسین( تەمەن ٢٦ ساڵ)  ماوەی دوو ساڵ و ھەشت مانگ ھاوسە رگیریی لەگەڵ مامۆستا هێرش عومەر کردبوو، پێشتر لە زانکۆ یەکتریان ناسیووەو گەشاو کۆلێژی ئینگلیزی تەواوکردووەو هێرش زمانی عەرەبی.
لەناوەراستی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٧ لە خۆپیشاندانەکانی کۆیەدا بەسەختی بریندار بوو، دوای هەفتەیەک مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
.   



PM:11:19:12/01/2018