بۆچی بۆ سكرتێری پەرلەمان خۆم كاندید كرد؟

ئەبو کاروان (عەبدولرەحمان فارس)
رۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠١٤، پاش نزیك لە حەوت مانگ تێپەڕبوون بە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە ٢١- ٩ – ٢٠١٣ ئەنجامدرا، لە نێو كێشەو ململانێ‌ و قەیرانێكی قوڵ و بێنەو بەرەی سیاسەتی تەسكی بەرژەوەندخوازانەی حزب و لایەنە براوەكانی هەڵبژاردندا، بڕیار درا هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێ‌، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان بانگێشتی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی كردو پرۆسەكە ئەنجامدرا، سەرەتا هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی و دواتریش هەڵبژاردن بۆ سكرتێری پەرلەمان كرا. من وەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی ئازادی، تا نەچووبوومە نێو هۆڵی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك بڕیاری ئەوەم بۆ هیچ یەكێك لە پۆستەكانی سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمان نەدابوو خۆم كاندید بكەم، بەڵام كاتێك بینیم "پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ" لە دەرەوەی بانگەشەكانی پێشووی خۆیان، پەنایان بردوەتە بەر رێكەوتنی پشت پەردەو بێگەڕانەوەو راوێژ بۆ فراكسیۆنەكانی تر، كە پێشووتر بەردەوام جەختیان لەوە دەكردەوە كە پێویستە بە راوێژو گوێگرتن لە یەكتر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە، پرۆسەكەیان ئەنجامدا، ئەمەلەلایەك و لەلایەكی تریش سروودی ئەی رەقیب كە سروودێكی نیشتمانیەو ساڵەهای ساڵە وەك مارشی نەتەوەیی لێدەدرێ‌، كەچی لەبەر سازشكردن و دڵدانەوەی ئەوانەی نایانەوێ‌ لە بەردەم ئەم سروودە هەستن، تەنها بە مۆزیك و زۆر بێبایەخانە لێدرا، رێك لەم كاتەدا بوو بڕیارمدا خۆم كاندید بكەم بۆ سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكا یەقین و دڵنیابووم لەوەی دەنگی پێویست بە دەست ناهێنم و نابمە سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر چی توانای خۆم زۆر لەوە بە گەورەتر دەزانم و لە هەمانكاتدا لە تواناو لێزانینی كەسیش كەم ناكەمەوە، وەك بینرا پرۆسەكە ئەنجام دراو وەك چۆن لە پشتی پەردەوە لە سەری رێككەوتبوون ئاكامەكەشی هەروا دەرچوو. 
من دەمەوێ‌ لێرەدا، روونتر بە چەند خاڵێك ئەم بابەتە روون بكەمەوە بۆ ئەوەی لەلای خەڵكی بەشەرەفی كوردستان ئەم بابەتە روونتر بێت: 
یەكەم: وەك چۆن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنمان بە دەنگدەرانمان دابوو سەر راست و راستگۆبین لە گەڵیان، بە خۆكاندیدكردنمان بەبێ‌ هیچ رێكەوتنێكی بەرژەوەندخوازانەو ململانێی بەش بەشێنەی حزبی، لە پێناو قوڵكردنەوەی پرۆسەی دیموكراسی و رەتكردنەوەی رێكەوتنی پاوانخوازانە، بڕیارماندا بچینە نێو ململانێی خۆكاندیدكردن، تەنانەت ئەگەر تەنیا دەنگی خۆشمان بێنین. 
دووەم: خۆكاندیدكردنی ئێمە بۆ پۆستی سكرتێری پەرلەمان، لەلایەك باوەڕبوونی تەواوی ئێمە دەگەیەنێ‌ بە دیموكراسی، لەلایەكی تریشەوە ئەوە بۆ جەماوەری چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان روون دەكاتەوە، كە ئێمە ئەگەرچی خاوەنی تەنیا یەك دەنگ بین، بەڵام راست و درووست خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆمانین و جگە لە بەرژەوەندی خەڵك و داكۆكی كردن لێی و پاراستنی، هیچ هێزو لایەنێك نیە بتوانێ‌ كاریگەریمان لە سەردانێ‌ و بمانكاتە ماشەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی. 
سێیەم: ئەم رەفتارەی "پارتی" وەك هێزی براوەی زۆرینە، سازشكردنی لە بەرامبەر هێزە ئیسلامیەكان و بزووتنەوەی گۆڕان و پەراوێزخستنی هێزو لایەنەكانی تر، جگە لەوەی چاوەڕوانكراوبوو، هاوكات گورزێكی كەمەرشكێن بوو، لە گووتارو بانگەشەكانی خودی خۆشی، كە تا چەند رۆژێك بەرلە ئێستا دەیوت و دووپاتی دەكردەوە، كە لە گەڵ سازان و رێكەوتنی هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانە، تەنانەت تا بەرلە چەند هەفتەیەك هەموو ئەگەرەكانی هەڵبژاردنی رەتكردەوە، بە پاساوی ئەوەی هێشتا سازان و رێكەوتن لە نێوان هەموو لایەنەكان نەكراوە. 
چوارەم: ئێمە وەك چۆن رۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠١٤ ئەم سیاسەتەی ئەو چوار لایەنە "پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ"مان رەتكردەوەو لە هەمانكاتدا، رامانگەیاند داكۆكی كاری سەرسەخت دەبین، لە مافەكانی چین و توێژەكانی خەڵك لە چوارچێوەی رێكارە یاساییەكان، هاوكات بەردەوام دەبین لە وڵامدانەوەی هەرجۆرە بەرنامەو سیاسەتێكی پاوانخوازانەو هەموو هەوڵێكیشمان بۆ ئەوە دەبێت، بوار نەدەین پەرلەمان بكرێتە شوێن و جێگای ململانێی بەرژەوەندخوازانەی حزبی و پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و مافەكانی خەڵكی. 
لە كۆتایدا، دەمەوێ‌ ئەوەش روون بكەمەوە كە ئەوەی من پێی هەڵساوم و خۆم بۆسكرتێری پەرلەمان كاندید كرد، كارێكە بۆ یەك لەحزەش لێی پەشیمان نیم و تا ئەو ساتەش لە پەرلەمان بم هەمیشە هەر وادەبم و پەرلەمانیش بە جێگای داكۆكی لە خەڵك و بەرژەوەندییەكانی دەزانم، نەك سازش و سازانی حزبەكان لە پێناو بەرژەوەندییەكانیاندا، ئەگەرچی ئەو راستیەم باش دەزانی لە سەر ئەم خۆكاندیدكردنەم لە سەر ئاستی جیاجیا، لێكدانەوەی جۆراو جۆری بۆ دەكرێ‌، هەروەك لەلایەك پشتگیری و دەستخۆشی، لەلایەكی تریش لێكەوتنەوەی دژایەتی و رەخنەگرتنی نابەبەتیانە، كە لە بنەرەتدا ئەم هەڵوێستەی منیان پێهەرس نەكراوەو ناكرێ‌، ئەوان وا راهاتوون و فێربوون خەڵك لە هەر پلەو ئاست و پۆستێكدا تەنها بە زمانی "بەڵێ‌" لە بەرامبەریان رابوەستێ‌، نەك نەخێرو "نا"، بە تایبەت لەلایەن ئەو جۆرە كەسانەی لە نێو حزب و لایەنە سیاسیەكاندا هەمیشە هەڵپەیان دێ‌ یان هەڵپە لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی خۆیان دەكەن. 
٢٠١٤-٤-٣٠
* ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.


02/05/2014



وتارەکانی تری نوسەر