قۆرخكاری و پاوانخوازی پێنج حزبەكە

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەری رەنج و خەباتی دەیان ساڵە، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و حزب ولایەنەسیاسیەكان كە لەم پێناوەدا تێكۆشاون و میللەتەكەمان رووباری خوێنیان پێشكەش كردوە، لەدوای راپەرینی ئازاری 1991 بەرەی كوردستانی بڕیاریدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و حكومەت پێك بێت و كۆتایی بەدەسەڵاتی بەرەی كوردستانی بهێنرێت و بنەمای حوكمڕانی دابمەزرێنن.
بەداخەوە هەر لەسەرەتاوە بنەمای ئەم دەسەڵاتدارییە لە ئەنجامی هەڵبژاردنێكی پڕ سەختەكاری دروست بوو، كەدەیان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەبەردەستدایە، هیچ كام لەو حزبانە شەرعیەتیان نەدا بەو هەڵبژاردنە و بڕیاریش درا كەلەدوای شەش مانگ جارێكی تر هەڵبژاردن بكرێتەوەو بە پێچەوانەشەوە هەڵبژاردن نەكراو بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەم حكومڕانیە بەردەوامی هەبوو، بەبێگوێدانە ئەو بڕیارەی كە باسمان كرد!.
كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم پێكهات لەئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی رۆژی 19/5/1992 كەپڕبوو لەساختەكاری وەك پێشتر باسم كرد، لەوەش خراپتر پەنجا بە پەنجا لەنێوان پارتی و یەكێتی بووە بنەمای دروستبوونی حكومەت كەلەسەرەوە بۆ خوارەوە لەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ كارگوزارو هەموو جومگەكانی حوكمڕانی گرتەوە و دابەش كرا لەنێوانیاندا.
ململانێی ئەو دوولایەنە گەیشتە لوتكەو بیركردنەوە لەوەی ئەو بەش بەشێنەی نێوانیان فراوانتر بێت و دەسەڵاتی هەریەكێكیان لەویتر زیاترو فراوانتر بێت، كار گەیشتە خۆ ئامادەكردن بۆ ئەوەی حزبی یەكەم و دووهەم لەكوردستان دیاری بكرێت و شەڕی ناوخۆ دروست بوو لەنێوان هەردوولادا، بۆ یەكگرتنەوەی ئەو پلەبەندییە لەرێگای شەڕەوە نەك پەنابردن بۆ هەڵبژاردن و سوود وەرگرتن لەهەڵەكانی رابوردوو، تاوای لێهات ئەوەی كرا بەدەگمەن لەشەڕی وڵاتانی تردا دروست بووبێت!، ئەگەر مێژوو نووسێك لاپەڕەی نووسین و رۆژنامەو گۆڤارەكان و لێدوانەكانی بەرپرسان لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە بگوزاینەوە و تۆماری بكات ئەوا مێژووی میللەتەكەمان جوانی تێدا نامێنێ و رەش دەبێتەوە، شەڕی ناوخۆ دووئیدارەی دروست كردو ئەوەندەی تر پاوانخوازی و قۆرخكاری بەهێزتر كردو، دامەزراندن و پارە سەرف كردن هەموو سنورەكانی بەزاند.
دوای هەوڵدانێكی زۆر و كاركردنی بەردەوامی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەكان ئاشتبوونەوەی نێوان هەردوولایان دروست بوو، تاگەیشتە ئیتیفاقیەیی ستراتیجی لەنێوان هەردوولادا لەبەر ئەوەی چارەسەری كەم و كوڕی و كێشەو گرفتەكان بكرێت، جارێكی تر پرۆسەی دابەشكردنی پلەو پایە بەهێزتر بووە و بەهەمان شێوەی كوردستان لەبەغدایش هەمان پلەو پۆست لەنێوان هەردوولادا دابەش كرا.
لەئەنجامی هەڵبژاردنی 25/7/2009 بارودۆخێكی نوێ هاتەكایەوە و ئۆپۆزسیۆن دروست بوو، راستە پێشتر رەخنەگرتن و ناڕەزایی هەبوو لەلایەن حزبەكان و رۆشنبیران و نووسەران و سەرجەم چین و توێژەكان، بەڵام بەم ئاراستە و بەم شێوەیە نەبوو، ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسیۆن بوونی راگەیاندو بە بەرنامە كاری دەكردو ئاراستەی كاركردنی جیاواز بوو لەپێشوو، هەتا كارگەیشتە ئەوەی كەداوای نەمانی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختیان كرد بۆ پەرلەمان.
ئۆپۆزسیۆن كەهاتە مەیدانەوە بەشێكی زۆر لەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەحزابی سیاسی و كادرو ئەندامانی ناو حزبەكانیش زۆر بەئیجابی هەڵسەگاندیان بۆ كردوو خۆشحاڵبوون بەو هەڵوێستە بەتایبەتی نا عەدالەتی و گەندەڵی و پاوانخوازی گەیشتبووە لوتكە و كۆمەڵانی خەڵكی بێزار كردبوو.
پێویستە ئاماژەش بەوە بدەم بەشێكی زۆر لەحزبەكان و كادران و جەماوەر ئەم كارەیان لاپەسەندبوو، بەڵام دوودڵی و دڵەڕاوكێ و جۆرێك لەبێ متمانەییان هەبوو، بەتایبەتی لەو كادرانەی ئۆپۆزسیۆن كەساڵانێك بوو لەدەسەڵاتدا بوون و لەقۆرخكاری و ناعەدالەتی و دامەزراندنی حزبی و كپكردنەوەی خۆپیشاندان و سنوردانان بۆ ئازادییەكان رۆلی سەرەكیان هەبووە.
دوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011 و هێرش كردنە سەر بارەگای لقی پارتی و شەهید كردن و برینداركردنی خۆپیشاندەران، هەڵگرتنی دروشمی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و دژبەگەندەڵی بووە وێردی سەر زمانی خۆپیشاندەران و لەكەناڵەكانی راگەیاندن بڵاودەبوونەوە.
لەكاتێكدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و رۆشنبیران و نووسەران تادەگاتە حزبە سیاسیەكان ئەم هەنگاوەیان تاڕادەیەك پێ خۆشبوو بۆئەوەی ناوەندی بڕیار لەكوردستان فراونتر بێت و بەشدارییان پێ بكرێت لە پرسەكاندا بەتایبەتی پرسە چارەنووسازەكان و ئازادییەكان و دیموكراسیەت و ئازادی تاك فەراهەم بكرێت بۆ هەمووان، لەوكاتەدا چەمكی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هاتەكایەوە، یان دەبێت لەم بەرەیەدا بێت یان ئەوی ترو چركردنەوەی هەموو كارەكان لەنێوان دوو رەنگداو نەمانی رەنگی تر، ئەم جۆرە دەستەواژەیەو ئەم جۆرە دەستنیشانكردنە بەتایبەتی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئەوەندەی تر جەماوەرو حزبەكانی تووشی دوودڵی و دڵەڕاوكێ كرد، لەبەرئەوەی ئەو دروشمە بەپێچەوانەی هەموو ئەو یاسایانە بوو كەلە راگەیاندنەكاندا باسیان دەكرد دژ بەدەسەڵات، هەر لەوكاتەوە تاكو ئەمڕۆ گەیشتمە ئەو بڕوایەی هەمان رێبازی دوو حزبەكە پەیڕەو دەكەن بۆ بەشدارینەكردن لەبڕیاردان و دابەشكردنی پلەو پۆستەكان، لەرێگای بەش بەشێنەو كۆنترۆڵكردنی هەموو جومگەكانی حوكمڕانی تاگەیشتە ئەوەی دوای هەڵبژاردنی 21/9 داوای بەشداری بكەن لەدەسەڵات و بەئاشكرا باسی بەش و پلە بكەن و ئەگەریش بەدڵیان نەبوو دەبنەوە ئۆپۆزسیۆن، لەوەش خراپتر ئەو دوو حزبەی دەسەڵات هەرچی داخوازیان هەبوو جێبەجێی دەكرد، جۆرێك لەخۆبەدەستدانەوەی پێوە دیاربوو!، من لێرەدا ئەمەوێ چەند نموونەیەك لەو جۆرە قۆرخكردن و دوورخستنەوەی لایەنەكان و بەش بەشێنەیە بخەمەرروو:

1-لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كە گەیشتنە ئەو بڕوایەی پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەكان كۆببنەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوە و گەیشتن بەچارەسەر، لەوكاتەدا سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن ڤیتۆیان بەكارهێنا بۆئەوەی حزبەكانی تر بەشدارنەبن لەكۆبوونەوەكەو كۆبوونەوەكە لەنێوان دوو حزبی دەسەڵات و سێ حزبی ئۆپۆزسیۆن ئەنجام بدرێت، هەموولایەكیش دەیزانین لەو كۆبوونەوانەدا تەنها گفتوگۆكردن دەبێت ئەگەر هەرلایەنێك لەولایەنانە رازی نەبێت ئەو كۆبوونەوەیە سەرناكەوێت و گرفت و كێشەكان لەوێ ناخرێنە دەنگەوە تاكو حزبەكانی تر دەنگ بەحزبەكانی تر بدەن و لەبەرژەوەندی دەسەڵات یەكلابێتەوە، حزبەكانی تر تەنها ئەگەر بواریان بوایە دوو قسەی خێریان دەكرد، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆچوونەوەكەی خۆی فەرزكرد، لەوە خراپتر ئەوەبوو كۆبوونەوەی ئەو پێنج لایەنە لەتەلاری حكومەتدا بەرێوەچوو، كەچی وتیان نابێت د. بەرهەم كەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە كۆبوونەوەكە بەڕێوەببات كاك عەلی باپیر كۆبوونەوەكەی بەڕێوەبرد، پرسیارەكە لەوەدایە ئایا رێگا گرتن لەبەشداریی حزبەكان لەوجۆرە كۆبوونەوانەدا سەرەتاییەك نەبوو بۆ بەرتەسكردنەوەی دیموكراسیەت و رێگاگرتن لە فراوانكردنی ناوەندی بریار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە؟ ئایا قبوڵكردنی ئەو داوا نائاساییە لەلایەن دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە هەمان مانا نابەخشی؟

2-لەدوا راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 21/9/2013 ئەوسێ لایەنەی ئۆپۆزسیۆن بەئاشكرا بڕیاری بەشداربوونیان لەكابینەی هەشتەمی حكومەتدا راگەیاند، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی ترەوە پێ داگیریان دەكرد لەئیستحقاقی هەڵبژاردن و بەئاشكرا ئەوەشیان راگەیاند كەئەو لایەنانەی كە كورسیەكی پەرلەمانیان هەیە ناكرێت وەزارەتیان پێ بدرێت! سەیر لەوەدایە لایەنێك مافی خۆیەتی داوای پشكی خۆی بكات، بەڵام رەوانیە لایەنێك ڤیتۆ بەكاربێنێ بەرانبەر لایەنەكانی تر، ئەنجامی ئەو داواكارییە لەرێككەوتنی 17/4 دەركەوت كەدەبێت لایەنەكان بەشدارنەبن، لەوەش خراپتر ئەوەیە لایەنی براوەی یەكەم ئەو داخوازییە قبوڵ بكات، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لەدروستبوونەوەی كابینەی یەكەمی حكومەتەوە بەشدارن و سەری زمانیان لایەنی براوە هاوپەیمان و دۆستی ئەو حزبانەبن، ئەرێ بەڕێزان ئەوە بەرتەسكردنەوەی دیموكراسیەت و ئازادییەكان نییە لەلایەن ئەو پێنج حزبەوە؟

3- هەر لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆ، دیسانەوە قسە دەكرا لەسەر ئەوەی فراكسیۆنی پەرلەمان لەیەك پەرلەمانتار زیاتر پێك بێت، كاریش گەیشتە ئەوەی باس لەوە بكرێت كەئەو لایەنەی كە كورسیەكی پەرلەمانیان هەیە لەپشتەوە دانیشن و تەنانەت پەرلەمانتاری یەك كورسی دەبێت بەپێی كورسییەكەی گفتوگۆ بكات كەئەمەش پێچەوانەی سەرجەم یاساو رێساكانی پەرلەمانی دونیاوەییە!، هەربۆیە لەدانیشتنەكانی سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ سەرۆكایەتی لیژنەكان و جێگیرەكانیان و و سكرتێرەكان، لەپشتی پەردەوە لەژوورە تاریكەكاندا لیستێكیان ئامادەكرد، بە رێكەوتنی ئەو پێنج لایەنە، سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری لیژنەكانیان برابەش لە نێوان خۆیاندا دابەشكردبوو.
ئەم سەرە دێرانەی سەرەوە كە مشتێك بوون لە خەرمانی سیاسەتی پێنج حزبەكە، بەشێك بوون لە سیاسەتی قۆرخكاری و پاوانخوازی، پێچەوانەی ئەوەی كە دەیانگووت، بە تایبەت سێ حزبە ئۆپۆزسیونەكە "گۆڕان و یەكگرتوو، كۆمەڵ.

24/05/2014



وتارەکانی تری نوسەر