ئەم دەسەڵاتە، لە قووتووی هیچ عەتارێكدا نەبینراوە

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

دەسەڵاتی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ، هاوشیوەو نموونەی لە هەموو دونیادا نەبووەو نییە، بەوەی بەناوی یاساوە یاسا شكێنی دەکەن ،  دوو حكومەت و دوو زۆن و دوو ئیدارەو دوو ئاسایش هتد ...یان هەیە،  كەچی باسی چارەنووسی گەل و یەكێتی ڕیزەكانی گەل و سەروەری یاسا و دامەزراوەكانی دەكەن ، وە لەولاشەوە خەڵكی  ڕەخنەگرو ناڕازی بە تێكدەر و مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی  تۆمەتبار دەكەن ، یاخود دەمێک   باسی دەستەبەركردنی ئازادییەكان دەكەن و وەک دەستکەوت بەخەڵکی  دەفرۆشنەوە ،بەڵام  لە واقیعدا بەبێ  ئەوەی ڕاگەیەنرابێت ( باری ناياسایی) فەرزكراو!

 

لەسنوری  هەولێرو دهۆك و لەژێر هەژموونی پارتیدا، ڕێگری لە هەموو  جۆرە خۆپیشاندان و چالاكییەكی جەماوەری گیراوە ،خۆگەر کرابێت ئەوە بەزەبری لێدان و چەک و [شەق] کۆتاییان پێهێنراوە . لە سنوری سلێمانیش لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا ،خۆپیشاندەران رووبەرووی دەیان پێشێلكاری بونەتەوە.

 

سەرەڕای بوونی  یاسای خۆپێشاندان و رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی بەڵام ڕۆژانە میدیاکاران وخەڵك بەرشەق دەدرێن . سەیر لەوەدایە  باسی هێزی میلێشیایی  بەغدا دەكەن كە  وایە  و بوونی هەیە ، كەچی  خۆیان  لە بیریان دەچێ (سەدو دە هەزار پێشمەرگەی حزبی بە خێو دەكەن ) ، ئەمە جگە لە لیواو فەوجی بەرپرسان .

 

ڕۆژانە سوپای وڵاتانی داگیركەر سنوری هەرێمی كوردستان دەبەزێنن و هاوڵاتیان شەهید دەكەن ،لە  بری ڕووبەروو بونەوەی هێزی داگیركەر ،كەچی ڕووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە كە دژی هێرشی داگیركەران دەوەستنەوە.

 

هەردوو حیزب سوپایەك دەزگای ئیعلامی گەورەییان بە پارەی (خەڵک) دروستكردووە کە  لە بڕی هێرش بۆسەر جەستەمان ،ڕۆژانە هێرش بۆسەر عەقڵمان دەبەن  وخەریكی دروستكردنی وشیاری ساختەو گۆرینی ئاراستەی ڕووداوەكانن  بە رێگای دروستكردنی كەیسی ساختەو تۆمەت بەخشینەوە بۆ كارەكتەرە ڕەخنەگرەكان، ئەوان خەریكی كوشتنی كارەكتەری ڕەخنەگرن ،چونكە ناتوانن وەڵامی فكری و سیاسی ڕەخنەگران بدەنەوە. دووبارەی دەکەمەوە  ،ئەمن  ئەمانەم لە قووتووی هیچ عەتارێكدا نەبینوە  .جا ئیتر کەیفی خۆتانە کە بڕوا دەکەن یا نا.


29/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر