ئایا سیاسەت و هەڵوێستی سەرکردایەتی حزبەکوردستانیەکان سەبارەت بە ئەنفال لە ئاستی پێویستدا بوو؟

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
ئەنفال پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی بوو ،کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ بەرانبەر خەڵکی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە و دەڤەری دیکەی کوردستان ئەنجامی دا .ئەنفال پرۆسەیەکی سیاسی و بۆ مەبەستێکی سیاسی بوو ،کە  لە ڕیگای ھێزی سەربازییەوە ئەنجامی دا.   

کۆشتن و لە سێدارەدان و وێرانکردن لە عقڵیەتی دەسەڵاتی بەعسدا شاراوە نەبوو وە بەشێکی سەرەکی بوو لە سروشتی ئەو ڕژێمە دیکتاتورە .لەئەنجامی کردە و ڕەفتارەکانیدا ھەر ھەنگاوێک بە ئاراستەی مەترسی ، بۆ دەسەڵاتەکەی بوونی هەبووایە ،ئەوا بە ئاگرو ئاسن وەڵام دەدرایەوە.

مەبەستی من لەم نووسینە  شیکردنەوەی کردەوەکانی ئەو دەسەڵاتە نیە کە لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا ، بەڵکو مەبەستم لەم نووسینە ئەوەیە  بڵێم یا بپرسم کە چوون بتوانم قەناعەت و باوەڕ بهێنم کە سەرانی  حزبە سیاسییەکان و بەر پرسانی ھێزی پێشمەرگە لە ماھیەتی ئەم دەسەڵاتە فاشییە تێنەگەشتبوون  ،کە ساڵانێک خەباتیان بۆ ڕووخانی کردووە.

لێرەدا بۆو چوونەکانم بەشیوەیەک دەخەمە ڕوو  وە پرسیاریک دەکەم:- کە دەڵێ ،ئەرێ  بەڕاست سەرکردە سیاسیەکان ھەستیان بە مەترسی ڕوودانی  کارەساتێکی وەک ئەنفال و قڕکردنی ئەو خەڵکە نەکردبوو؟ یاخود یان قەناعەتیان وابووە کە ڕژێمی بەعس ئەو توانا سەربازییەی نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ،یا  جورئەتی بڕیارێکی لەو شێوە مەترسیدارەی نەکردوە؟ 

بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە کە تائێستا کەس خۆی لە قەرەی نادات و تەنھا بە تۆمەت و تاوانبارکردنی یەکتر وەڵام دەدریتەوە،بۆیە بووچونەکانی خۆم  لە دووخاڵدا وەک دوو پرسیار بەم شێوەیەی خوارەوە  وردەکەمەوە :-

یەکەم/ گەر ئەو لایەن و سەرکردانە ھەستیان بەو مەترسیە نەکردبوو تا ئەو کاتەی  خەڵکی ئەو ناوچانە جێنووساید و ئەنفالکران ، بەتایبەتی دوای ڕیککەوتن  لە گەل ئێران و سوپاکەی و کەوتنە پێشیان لە حاجی عمران و گردەمەندو لێدانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک و کارگەی ڕستن و چنینی کفری و ھەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی پردی ناساڵحی کفری و تادەگاتە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بو داگیرکردنی ھەڵبجە ، ئەوە بەڕوونی دەردەکەوێ ئەم سەرکردانە لە سیاسەتکردن تێنەگەیشتوون و تێیدا فاشلن و شیکردنەوەی تەواویان نەبووە بۆ هەڵسەنگاندنی بەعس و پەرچەکرداری کارەساتهێنەری  ڕژێمەکەی سەددام. 

 دووھەم/ خۆ ئەگەر ئەم سەرکردانە ئەو مەترسیانەیان لا ڕوون بوو و دەرکیان بە  ڕوودانی کارەساتێک لە شێوەی ئەنفال کردوە  ، ئایا نەیاندەتوانی یاخود  بەڕنامەیەکیان نەبوو بەمەبەستی قورتارکردنی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە و ھەوڵدانی پێش وەختە بۆ ڕزگار کردنیان؟ گەر ئەو سەرکردانە پێشهات و خوێندنەوەیان بۆ ئەم دوو خاڵە نەبووبێت ،کەواتە لە دوای دەسەڵاتی سەدام ،تاوانباری دووەمن  و بەرپرسیاریەتی مێژوویان لە ئەستۆدایە.

لەھەردوو حاڵەتەکدا، لە نەخۆیندنەوەی دروست بۆ سروشتی دەسەڵاتی بەعسی دڕندە و ئەنجامدانی تاوان دەرھەق بەگەلی کوردستان، یان ھەستکردن بە ئەنجامی تاوانێکی لەو شێوەیە و دانەنانی بەڕنامە و تەگبیرکردن بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکە ، ئەوە حزبە کوردستانیەکانی شاخ و سەرکردەکانیان بەر پرسیارن.

13/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر