ناونیشانێکی نوێ بۆجەنگ : دۆزینەوەی ڕووبەرێکی تر

هونەر تۆفیق
هیچ کات ناونیشانی جەنگ ، مانا و ئامانجی جەنگەکان دیاری ناکات . داعش ناونیشانێکە لە قۆناغێکی تایبەتی ئەو جەنگە دوورو درێژەی لەسەرەتایی شۆرشی ئێران و کۆتایی ڕژێمی شاهەنشایی یەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێکردووە . هێندەی گۆڕانکاری لە ناونیشانی قۆناغەکانی ئەو جەنگەدا ، گۆڕانکاری بەسەر شوێنی ( جیوگرافیا) ی جەنگەکەدا هاتوو .

ناونیشانەکان جۆرێکن لەو چەک و تفاقانەی لە جەنگدا بەکاردێن . جەنگی هەشت ساڵەی کەنداوی یەکەم ( نێوان عێراق و ئێران ) ناونیشانێکی دیاری کراوبوو بۆ جیوگرافیایەک لە گەرووی فاوی باشووری عێراقەوە تا حاجی ئۆمەران لە باکووری عێراقدا . بەهەمان شێوە ناونیشانی جەنگی کەنداوی دووەم ( داگیرکردن و ئازادکردنی کوەیت ) و جەنگی دژبە تیرۆر لە ئەفغانستان ، جەنگی ئازادکردنی عێراق ، جەنگی داعش ... هەموو ئەمانە ناونیشانی جیاوازن بۆ درێژەی یەک جەنگ بەڵام بە مۆدێلی جیا لە چەند ڕووبەرێکی جیاوازدا ..

لە کۆتاییەکانی ناونیشانی داعشدا کە ڕووبەرەکەی لە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتی عێراق و سوریادایە ، ئەو جەنگە پێویستی بە ناونیشانێکی نوێ هەیە ، تا لە ڕووبەرێکی نوێدا دەست پێبکاتەوە .

ناونیشانی داعش بۆ شوێنێک دەست ئەدات هێزی سوننەی تیادا باڵادەست و توڕەبێت لەئاست هێزی دژەکەیدا کە شیعەیە . لە ئێستادا لە کۆتایی شەڕی موسڵ و ڕەققە نزیک دەبینەوە کە دەکاتە کۆتایی ناونیشانی داعش .

لێرە بەدواوە جەنگەکە ناونیشانێکی تازە لەخۆ دەگرێت ، بەپێ ی ناونیشانەکەی ڕووبەرێکی تازەش بۆخۆی دەدۆزێتەوە و مۆدێلی تری جەنگ بەکاردێنێت . ڕووبەری جەنگ کە دەکاتە زمینەی پێکدادان و کوشتارەکە هەمیشە کۆمەڵێک فاکتەر و دیاردە دەست نیشانی دەکات تا ببێتەی زەمینەی لەباری جەنگەگە .

ئەو فاکتەرانەی زەمینەی جەنگ دیاری دەکەن کە لەگەڵ ناونیشانە نوێکەدا بگونجێن بریتن لە ڕقلێبوونەوەی نێوان دوو دژ ، مەیلدانی هەر یەکێک لەو دژانە بەلای هێزێکی دەرەکیدا و چوونە ناو بەرەیەکی سیاسی ناوچەیی یان جیهانی یەوە ، بەردەستبوونی سامانێکی ئابووری یان سروشتی بۆ ئیدامەدان و بژێوی جەنگەکە ، لەهەمووی گرنگتر هاندانی نەتەوەیی یان مەزهەبی یە لەنێوان دووبەرەی ناو یەک جیوگرافیا .

لەکۆتایی ناونیشانی داعشدا ، ناونیشانی نوێ ی جەنگەکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چەند ڕووبەرێکە کە بەهێزترین بژاردەیان کوردستانە ..

کوردستان ڕووبەرێکە سنوورەکانی لە ناوەڕاستی هەموو لایەنە دژ بەیەکەکاندایە ، براوەی جەنگی داعش هێزەکانی شیعەدەبن کە شکست بە ناونیشانی پێشووتردێنن کە داعشە ، هێزی براوە کە حەشدی شەعبیە دەبێتە هاوسێ و دەکەوێتە سەنگەری بەرانبەر کوردەوە . کورد لەناو خۆیدا جۆرەها دژی میحوەری و دژی سیاسی و دژی بەرژەوەندی تیادا کۆبۆتەوە . پارتی ڕقی لە پەکەکە و پەیەدە و گۆڕان و نیوەی یەکێتی یە و قینێکی زۆری لەدراوسێ نوێکەیەتی کە حەشدی شەعبیە . نیوەی یەکێتی ڕقی لە نیوەکەی تری یەکێتی یە ، نیوەی ڕقی لە پارتی یە و نیوەیەکی تری رقی لە حەشدی شەعبیە . پەکەکە ڕقی لە تورکیایە و دوژمنی سوننە دۆڕاوەکانی سەربە داعشە . ئێران ڕقی لە تورکیایە و تورکیا ڕقی کورد و پەکەکەیە . پارتی دۆستی تورکیایە و رقی لە ئێرانە . ئێران دۆستی یەکێتی یە و ڕقی لە پارتی یە . کۆمەڵ ڕقی لە یەکگرتووە و یەکگرتوو ڕقی ئێرانە و دۆستی تورکیایە . هەموو ئەم خاوەن ڕقانە بەجۆرێک ، کەمتازۆر خاوەن هێزی چەکدارن یان زەمینەی لەباریان هەیە بەخێرایی ببنە هێزێکی چەکدار و بەڕووی یەکتردا بتەقنەوە .

توانا و سامانی تەواو لەبەردەستە بۆ بژێوی جەنگ و دابەشبوونە ئیقلیمیەکانیان زەمانەتی پێدانی کۆمەک و تفاقی جەنگەکەیان بۆ دەکات ..

بەهانە سیاسیەکانی بوونە ناونیشان و ڕووبەری نوێ ی جەنگەکە لە کوردستاندا دەیکاتە باشترین کاندید بۆ قۆناغێکی نوێ لەو جەنگە دوورودرێژەی لە بیست ساڵی سەدەی ڕابردووەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بیست ساڵی ئەم سەدەیە .

ڕیفراندۆم و وروژاندنی پرسی جیابوونەوە لەناوەڕاستی ئەو کورەئاگرەدا ، بەو هەموو ناڕەزایەتی و رەخنە یاسایی و سیاسیانەوە ، هێندەی تر کوردستان ئامادە و کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنی ناوونیشانە نوێکەی پاش داعش . لەهەرکام لەو دوو مۆدێلەی جەنگدابێت ( بە شێوازی جەنگی ناوخۆ و براکوژی یان بە شێوازی جەنگی تائیفی لەنێوان کورد و عەرەب - حەشدی شەعبی ) دا . ماکینەی شەڕەکە بەداوەتی تایبەتی و ناونیشانی نوێ و ڕووبەری فەرموولێکراوەوە بەرەو کوردستان دەسووڕێت


15/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر