هونەر تۆفیق
پیران ، ڕدێن سپیان و پیاوانی بەتەمەن لە هەموو سەردەمەکاندا دەمڕاست و چاودێربوون بەسەر کۆمەڵگەوە . ئەو پلەیەی پیران بەدەستیان هێنابوو لە ئەنجامی ئەزموونی ژیان و تەمەنەوە پێیان بەخشرابوو . ئەوان سەرچاوەی زانیاری و پەیڤی مەعریفی بوون ، قسەکانیان دەکرا بە ئامۆژگاری .
وێنای خواوەندیش لە هەموو ئایینەکاندا لە لاشعوری مرۆڤدا کێشرانەوە کە پیاوێکی ڕیش و پۆشاک سپی پیری نورانی پڕ زانیاری یە و چاودێری کردارەکانی مرۆڤ دەکات . تەسەوری زۆرینەی ئایینەکان بۆ خودا لەو تێگەیشتنەوە هاتووە کە دەبێت بڕیار و زانیاری و چاودێری کۆمەڵگە لەدەست پیراندا بێت .
هاوکات لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەتی مەدەنیدا ، خواوەند دەستەڵاتی چاودێری و زانیاری خۆی لەگەڵ دەوڵەتدا بەش دەکات . دەوڵەت دەوڵەمەندترین دەزگایە لە بوونی زانیاری و چاودێری کردندا . ئەوەی خواوەند لە نهێنی و پێچ و پەنا شاراوەکانی مرۆڤی دەزانێت ، دەوڵەتیش وەک ئەوەی نابینرێت بەڵام هەموو شتێکمان دەبینێت و ئاگاداری هەموو کردارەکانە . دەوڵەت هەمان ڕۆڵی پیاوە ڕیش و پۆشاک سپی یەکەی ناو لاشعور دەبینێت کە چاودێرێکی پڕزانیاریە بەسەر تاکی کۆمەڵگەوە . دەزگا سیخوڕیەکانی دەوڵەت لە جۆریFBI و CIA و مۆساد و MI6 وSIS دا هەموو زانیاریەکیان سەبارەت بە هاوڵاتیان لایە و مرۆڤ لەهەر کوێ بێت دەتوانن چاودێری بکەن .
ئەوە جیهانی پیران بوو ، جیهانێک گەنج تیایدا تەریک و چەپەک بوو ، لەپاشکۆی پیرەمێردە ڕدێن سپیەکاندا کەم زانیاری بوو ، دەستەڵاتی چاودێری و زانینی کەم بوو . دەبوو لە ئەزموونی پیرانەوە بزانێت و فێربێت .
بەڵام لەئێستادا گەنجان کۆتاییان بە ئیحتکار - مۆنۆپۆلکردنی پیران و دەوڵەت هێناوە .تەنانەت زۆر زیاتر لە زانین و زانیاری دەوڵەت دەوڵەمەندترن . ئاگاداری هەر گوتەیەکن لەهەر کوێ ی دنیادا بەهەر زمانێک بگوترێت و بنوسرێت !! گەنجان ئاگایان لەهەر وێنە و ڤیدیۆیەکە لەهەر سوچێکی دنیادا بگیرێت . ئاگایان لەهەر جوڵە و گواستنەوەی هەر مرۆڤێکە لە گۆی زەویدا ببزوێت . هەموو ئەم زانیاریان لە سندوقی گەورە و زەبەلاحدا ( هارد دیسک ) بە بەرچاوی دەوڵەت و پیران و خواوەندەوە کۆدەکەنەوە و هەڵیدەگرن تا هەتایە .
لە ئێستادا هەردوو دەزگای گۆگلە و فەیس بووک کە خاوەنەکانیان سیرگی و لاری و مارکە ، گەنجانی سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیارین . دەوڵەمەندترین مرۆڤێکن لە مێژووی بەشەریەتدا بەو هەموو زانیاریە ورد و بەدیقەتانەی لەبەردەستیاندایە و لای خۆیان خەزنی دەکەن . هیچ دەوڵەتێک ، هیچ دەزگایەکی ئیستخباری ، هیچ بانکێکی زانیاری بەقەد سەعاتێکی ئەوان زانیاری وردیان لەسەر مرۆڤ نیە . لەڕێگەی مۆبایلە سمارتەکانەوە دەتوانن لەهەموو جوڵە و گوتە و وێنەیەکمان ئاگاداربن . ئەوان چاودێری ڕاستەقینەی ئەم سەردەمەن بەسەر مرۆڤایەتیەوە . دەستەڵاتی مەعریفەی هەموو مرۆڤایەتی لەلای ئەوانە . بۆیە جیهان لەدەست پیران و دەوڵەت و خواوەندا نەماوە و ئێستا لەژێر دەستی گەنجاندایە .