حەشر، دروێنەی پاش جەنگ

هونەر تۆفیق
هەموو شتێک ناوک یان دڵی لەناوەوەیە تەنها سیاسەت نەبێت . سیاسەت تەنیا کردەیەکە ناوک و دڵەکەی لە دیوی دەرەوەیە . چونکە هەموو کێشە سیاسیەکان کاریگەریەکانی لەدەرەوەیە ، ئەگەر خەبەری سەیری سیاسەت نەکرێت ! ئەوا دڵەکەشی هەر لەدەرەوە دەبینرێت . پێویست بە تێڕامانی قوڵ ناکات بۆ تێگەیشتن لە ئەنجامەکانی کردە و کێشە سیاسیەکان.

لە ئێستادا ئەمریکا ، بە دیاری کراوی دۆناڵد ترامب ، غەزەبی لە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران گرتووە. هەردوو وڵات سەرچاوەی گرفت و کێشەی سیاسی گەورەن لە ناوچەکە و لەبەردەم سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . هەردوو وڵاتیش بە جیاوازیە مەزهەبیەکانیانەوە نەیاری سەرسەختی سعودیەی عەرەبی دۆست بە ئەمریکان . هاوکات لە میحوەرەکەی ڕوسیا - پوتیندا کاریگەر و سەرەکین . لەناو شەڕە گەردوونیەکەی سوریادا ڕۆڵ و دەستەی چەکدار و هێزی سەربازی تایبەت بەخۆیان هەیە . ترامپ ناتوانێت هەروا بە ئاسانی لەیەک کاتدا سزای یەکجاری و توندی هەردووکیان بدات . پێچە ڕێگایەکی دیکە وەک هەموو ئەو پێچانەی تر لە سیاسەتی ئەمریکیدا هەیە کە ئەویش شکاندنی بێ باجە لە ڕێگای لایەنی سێهەمەوە . ئەو خاوەن هێزەی کە ئێران و تورکیا پشتیان پێ بەستووە فلادیمیر پوتین - ڕوسیایە. ڕوسیا پێچە سیاسیەکەی ئەمریکایە کەدەیەوێت لە ڕێکەوتنێکدا ئێران و و تورکیاشی لەیەک کات لێ بکڕێتەوە . بەڵام داخۆ ڕوسیا ئامادەیە هەردووکیان بەیەکەوە بفرۆشێت بە ڕێکەوتنی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن ؟

ڕوسیا لەماوەی پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا دەیان جەنگی سەختی لەگەڵ تورکیا - عوسمانیەکاندا کردووە . لە سەردەمی تورکیای کۆمارەوە ماوەی دۆستایەتیەکی کورت خایەن لەنێوان بەلشەفیکەکان ( سۆڤیەت ) و مستەفا کەمال ئەتاتورکدا هەبووە .دواتر هیچ کات تورکیا و ڕوسیا هاوسێیەکی بێ کێشە نەبوون . لەگەڵ ئەوەی تورکیا هەتا ئێستا ئەندامی ناتۆیە ، ڕوسەکان ناتوانن هەروا بەئاسانی چاوپۆشی لەو هەموو گرفتانە بکەن لە ڕێگای تورکیاوە بۆیان دروست بووە . بەڵام ئێران لە دیدی سیاسەتی ڕوسیەوە مەترسیەکی ئەوەندە گەورە نیە کێشەکانیان لەگەڵ ڕوسیادا ڕەگی مێژووی هەبێت وەک تورکیا . ئێران لە ڕووی ستراتیژ و ئەمنی قەومی ڕوسی یەوە نزیکترە بۆ ڕوسەکان بە جیهانی دەرەوە و سەرچاوەکانی وزەی جیهانی تا تورکیا . بۆیە لە نێوان ئێران و تورکیادا ڕوسیا لەدەستدانی تورکیای پێ باشترە تا لەدەستدانی ئێران .ئەگەر سەفقەیەکی ڕوسی - ئەمریکی بۆ فرۆشتنی یەکێکیان بە ئەمریکا لەئارادابێت ؟! روسەکان لەسەر بنەمای( پارەی قەڵب سەر بەساحێبێتی ) تورکیا دەبەخشن بە ترامپ لەبری ئێران .

لەم دیدە ئیقلیمیەوە لە واقیع حاڵی سیاسی کوردی بڕوانین بە تایبەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستان کە دابەش بووی ئیجباری یان ئیختیاری نێوان تورکیا و ئێرانە ئاڵۆزتر لەوەی هەیە و دەبینرێت پرۆسە سیاسیەکەی هەرێم بەڕێوەدەبرێت .

بەشداری کورد لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی پارلەمانی عێراقدا هەمان ئەنجامی نابێت . پەیوەندیەکانی ناوچەی نفوزی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا بە ئەنقەرەوە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات . هاوکات هەولێرلەگەڵ بەغداشدا کۆمەڵێک کەناڵی سیاسی دیکەی کردۆتەوە چاوەڕوانی رێکەوتنی نزیکی لێدەکرێت لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ی عێراقی . بەڵام لەناوچەی نفوزی ئێراندا ئەگەرچی فراوانترە لە زەمانی پێش ڕیفراندۆم . ئێستاکە کەرکوک و هەموو ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغداشی گرتۆتەوە . بەڵام هێشتاکە ئێران وهێزە شیعە دۆستەکانی نەیانداوەتەوە بە یەکێتی نیشتمانی .

عاجزی ئێران لە یەکێتی نیشتمانی ئەگەر لە ڕەواڵەتی سیاسیدا وا دەرناکەوێت بەڵام لە واقیعدا هێشتاکە بەهۆی بەشداری و پشتیوانی یەکێتی لە ڕیفراندۆم ئێران دڵشکاوە لە یەکێتی بەڵام داکەوتێکی تازە لەناوخۆی ئێراندا هاتۆتە پێش کە ناوچەی سەوز بۆ ئێران ببێتە بۆری هەناسە و ژیانە سەختە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران .

ئەگەر ئابلۆقە ئابووریەکەی ئەمریکا لەسەر ئێران توند بکرێتەوە ، دەروازە سنوریەکانی نێوان ناوچەی سەوز و ئێران ( باشماخ ، پەروێزخان ، سەیران بەن ، خوسرەوی ) ڕۆڵی ئوردنی جاران دەبینین بۆ عێراق . لەسەردەمی ئابڵۆقەی ئابووری سەر عێراق ، دەروازەی ئوردن بۆری هەناسەی عێراق بوو . ئەم ڕۆڵە گرنگەی ناوچەی سەوز بۆ ئێران بێ باج نابێت لەلایەن ئەمریکیەکانەوە . بۆیە ئێران پێش چاودێری کردنی ئەمریکا پێدەچێت چاوی لە تەواوی دەروازەکانی نێوان خۆی و هەرێم بێت ، ئەویش بە بەستنەوەی ئیبراهیم خەلیل لەنێوان تورکیا و هەرێمدا بە هەموو دەروازەکانی هەرێم - ئێرانەوە بە حاجی ئۆمەرانیشەوە .

سەردانی ئاشتەوایی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی ( هێرۆخان و هەردوو کوڕەکەی ) ئەگەر بە گڵۆپی سەوزی ئێران بووبێت بەشێکی بۆ کردنەوەی ئیبراهیم خەلیل - حاجی ئۆمەرانە لە داهاتوودا لە دیدی سیاسەتی ئابووری ئێرانەوە . دیوێکی تری سەردانە ئاشتەواییەکە لە سیاسەتی نێوخۆی هەرێمدا ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئێرانی لەسەر نەبووبێت !؟ ناردنی نامەیەکی داخراوە بۆ ناوخۆی ناوچەی سەوز و سەرکردە گۆڕان و یەکێتیەکانی تر کە جیاواز لەوان سیاسەتی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنن .

لە ئێستادا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ، گۆڕانێک هەیە یەکێتیانە و گۆڕانێکی تر حکومەتی هەرێمیانە و پارتیانەیە و گۆڕانی سێهەمیش گۆڕانە ڕادیکالە بێ ماڵ و حاڵەکەیە . بەهەمان شێوەش لەناو یەکێتی دا ، یەکێتیەک هەیە گۆڕانانەیە و یەکێتی یەکی دیکە حکومەتی هەرێمیانە - پارتیانەیە و یەکێتی سێهەمین یەکێتیەکی ڕادیکالانەی بێ سەروبەر و باڵە . ئەم سێ تەیارە لەناو ئەو دوو حیزبە سەرەکیەی ناوچەی سەوزدا بەناو یەکدا ژاوەیان دێت . بەبێ ئەوەی ئاگایان لە میزاجی سیاسی خەڵک بێت کە هیچکام لەو ڕەوت و تەیارانەی ئەوانیان بەلاوە پەسەندنی یە ، بێ خەیاڵیشن لە سیاسەتی نوێ ی ناوچەکە کە لە سەرەتاکانی حەشری پاش جەنگدایە . بە ڕێکەوتن و کڕین و فرۆشێکی چاوەڕوانکراوی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا واقیعێکی سیاسی تازە ، زۆر تازەتر لە تەوەقوعی  ئەوان دێتە پێشەوە کە ڕەنگە ئەمان بەرگەی نەگرن .

28/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر