سلوکی تەشەنەکردنی کورۆنا

هونەر تۆفیق

لە ڕاستیدا قسەکردن لە سەر دیاردەیەکی تەندروستی ئیشی پزیشکی پسپۆڕ و تایبەتمەندە . بەڵام ئێمە بۆ بەرچاوڕوونی کۆمەڵگە و هاندانی خەڵک بۆ خۆپارێزی ، دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیمان بەلاوە گرنگە تا ببێتە تەواوکاری ئەرکە پزیشکیەکە و ئەوەی بەسەر وڵاتانی دیکەدا هاتوون بەهۆی خەمساردیەوە ، لەو ئەزموونانەوە بەسەر ئێمەشدا نەیەت.

 

سایتی worldometer لە ١٥ ی شوباتەوە تۆماری توشبووەکانی لەهەموو وڵاتەکاندا داتادەکات ، تۆماری داتای ڕیزبەندی یەکەم هەشت وڵات وردتر بڵاودەکاتەوە . لە ڕێگای ئەو داتایانەوە سلوکی تەشەنکردن و بڵاوبوونەوەکە دەزانرێت کە لەیەکەم تۆمارەوە تا کاتی لەدەستدەرچوونی چۆنە و کەی ڕووئەدات .

 

بەپێ ی داتاکان لەنێوان رۆژی یەکەمی تۆمارکردنەکە کە چەند کەسێکی کەمێکی توشبوون تا رۆژی هەڵکشانە زۆرە لەدەست دەرچووەکان نزیکەی بیست رۆژە . وەک ئەڵمانیا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ، دانمارک . لەپاش بیست رۆژەکە ژمارەی تۆمارەی توشبووەکان لەپڕێکدا هەڵدەکشێن بۆ زیادەی رۆژانە دووبەرابەر و سێ بەرانبەر بەرۆژی ڕابردوو . واتە لە سەد بۆ دووسەد ، دووسەد بۆ چوارسەد ، جوارسەد بۆ هەشت سەد .. هتد . بەپێ ی بەرزبوونەوەی رۆژانی هەڵکشانەکان ، شڵەژانی حکومەتەکان لە میدیاکانەوە دەبینرێت . لەبەر ئەوەی من کچەکەم لە دانیمارک دەژی ، وردتر متابەعەی وڵاتی دانیمارکم دەکرد . تا سێ هەفتەی یەکەم ئەو تۆمارەی لە دانیمارکدا داتاکردبوو گۆڕانکاری بەسەردا نەدەهات . لەچوار ڕۆژی دوایدا لەپڕێکدا ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ رۆژانە سەدان تۆماری زیاتر . لەو سێ هەفتەیەدا حکومەت هەڵمەتی خۆپارێزیەکەی دەست پێنەکردبوو ، پێیان وابوو ژمارەی توشبووان هەر ئەو چەند کەسەیە لە ژێرکۆنترۆڵدایە . بەڵام دواتر لەسلوکی تەشەنەکردنەکە تێگەیشتن کە تۆماری چەند کەسی یەکەم مانای ڕاوەستان و لەژێر کۆنترۆڵ بووندا ناگەیەنێت ، بەڵکە مانای هاتنی شەپۆلی دووەم و سێهەم دەکات بەڕێژەی سەد بەرانبەری شەپۆلە بچوکەکەی یەکەم .

 

کاتێک داتاکان بەراورد دەکرێت لەگەڵ داتاکانی چین ، حکومەتەکان ناچار دەکات وەک ئەزموونی چین ڕێکاری نەک داخستن و کەرەنتینەکردن بەڵکە جوڵەبرێن (منع تجول) بگرێتە بەر وەک ئەوەی ئیتالیا کە دواجار ناچاربوو ئەویش جوڵەکردن ڕابگرێت . باجی ڕاگرتنی جوڵەکردن لە ڕووی ئابووریەوە قورس دەبێت بەسەر وڵاتەوە ، بەڵام باشترە لە شێواوی شڵەژان و باجی تەندروستی ، تەنیا چارەسەریشە بۆ تێکدانی سلوکی بڵاوبوونەوەی پەتاکە .

 

بەسوپاسەوە ئەوەی تەندروستی سلێمانی ئەنجامی داوە چەند هەنگاوێک لەپێش لە وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارکەوەیە . بەپێ ی ئەزموونی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەکان ئێمە لەکۆتایی شەپۆلی دوو هەفتەی یەکەمداین کە دواتر شەپۆلە قورسەکانی بەدوادادێت . دەبێت تەندروستی سلێمانی دەستەڵاتی ڕاگرتنی جوڵەی لەبەردەستدا بێت و کۆمەڵگەش ئامادەیی قبوڵکردنی رۆژانی ( منع تجول ) ی هەبێت کە تەنیا چارەسەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە بڕینی سلوکی بڵاوبوونەوەکەی دەکرێت ، دەبێت هەموومان هاوکار و گوێڕایەڵی ڕێنماییە تەندروستیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بین .


13/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر