زیانی هەر پژمەیەک ملیارێک دۆلارە

هونەر تۆفیق

پێشتر دەگوترا ، ئەگەر بۆرسە لە ئەمریکا بپژمێت ئابووری جیهان توشی هەڵامەت دەبێت . بەڵام پژمەی کرۆناکەی چین ئەم مەقولەیەی بەجۆرێکی تر لێکرد . بەپێ ی نیشانە سەرەتاییەکانی زیانی ئابووری پەتاکە هەر پژمەیەکی ئەنفلۆنزای کورۆنا بەراورد بە زەرەرە داراییەکان، بایی ملیاردێک دۆلارە.

 

ناوەندە ئابووریە جیهانیەکان لەپێناو تەشەنە نەکردنی زیاتری زیانەکان . هەموویان کۆکن لەسەر پێشنیارکردنی پاکێجێکی فریاکەوتن بۆ حکومەتەکان کەئەگەر جێبەجێ ی نەکەن ئەوا ڕەوتی پەتاکە بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکاری و هەژاری لەو وڵاتەدا دەگۆڕێت بۆ بەهاری کورۆنا . ئەم هوشیاریەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو ، لەڕێگەی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە بەتایبەتی بە وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیای دراوە.

 

لیژنەی ئسکوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاری حکومەتەکان دەکات کە دەستبکەن بە گرتنەبەری ڕێکاری خێرای پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی بۆ چینی هەژارو کەمدەرامەتەکان بۆئەوەی دۆخەکەیان لەدەست دەرنەچێت . هەروەها بڕیاری بەخشینی باج لەسەر هاوڵاتیان دەربکەن ، بەپەلە سەرەڕای موچە ، پارەی کۆمەک بدەن بە هاوڵاتیەکانیان بۆ پشتیوانی لە داهاتەکانیان . ئەو قەرزانەی کە لەسەر خەڵکن ماوەی پێدانەوەی درێژبکرێنەوە ، بۆئەوەی زیانەکانی قەیرانەکەیان تەشەنە نەکات.

 

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچکام لەو ئامۆژگاری و ڕێکارانەی نەگرتۆتە بەر کەهاوکات بە ڕێگری لە تەشەنەی ڤایرۆسەکە ، دەبێت ڕێگریش لە تەشەنەکردنی زیانە داراییەکانی بکرێت وەک ئیسکوا پێشنیاری کردوون.


26/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر