ژنەکەی ماکرۆن پیرە !!

هونەر تۆفیق

سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوئێل ماکرۆن دەڵێت : ئیسلام لە قەیراندایە ، ئیسلامیش وەڵامی دەداتەوە بەوەی ماکرۆن ژنەکەی ناشیرینە ولەخۆی بەتەمەنترە !!
وەڵامدانەوە بەوەی خاتوو خەدیجەی هاوسەری محەمەد پێغەمبەریش لە مێردەکەی بەتەمەنتربوو ، ناکاتە تێگەیشتن لەو قەیرانەی ماکرۆن باسی دەکات .

ئەو وەڵامە ئیخوانیەی لە گیرفانی کەناڵی جزیرە و ئەردۆغانیەکانەوە دەدرێتەوە ، ناگەن بەو تێگەیشتنەی فیکری فەرەنسی بۆ ئیسلام هەیەتی لەناوخۆ و دەرەوەدا .

منەوەری تونسی یوسف سدیق دەڵێت کاتێک ماکرۆن سەردانی تونسی کرد داوایکرد من ببینێت بۆئەوەی پرس وڕای دیاردەی ئیسلامی سیاسیم پێ بکات . ماکرۆن پێ ی گوتووە من لەو بەرپەرچە ئەوروپیەی ڕاستی توندڕەو دەترسم کەلە هەڵکشاندان ، دەستەڵات بگرنەدەست نەک موسڵمانان ناتوانن لەسەر جادەکان بەیاساشکێنی نوێژی جەماعەت بکەن بەڵکە لە مزگەوتەکانی ئەوروپاشدا نوێژیان لێ قەدەغەدەکەن و سزایان ئەدەن ، چیبکەین بۆ ئەوەی ئیسلام لە ئەوروپا لەوەزیاتر توندڕەوەکان گەورەتر و فراوانتر و جەماوەری تر نەکەن!؟

خەمی دیموکراسی فەرەنسی سەبارەت بەقەیرانی ئیسلام خەمی ژنه جوان یان ناشیرین ، پیر یان گەنجەکەی محەمەد پێغەمبەر یان ماکرۆن نیە ، بەڵکە خەم و ترسە لەو بەرخودە توندڕەوەی لەناو ئەوروپیەکاندا بەهۆی توندڕەوی ئیسلامەوە لە هەڵکشاندایە . بەو تێگەیشتن و گوتارو ڕەفتارەوە ئیسلام بەردەوام بێت ، جگە لەوەی ڕەوەندی ملیۆنەها موسڵمان لە ئەوروپا بە میانڕەو و نائایینیەکانیشەوە دەخاتەوە ژێرهەڕەشەکانی ڕاستی توندڕەوی ئەوروپیەوە ، لەهەمان کاتدا پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و کەلتوریەکانی وڵاتانی ئیسلامیش بە خۆرئاواوە دەخاتە ناو قەیرانێکی قوڵتر لەوەی ئێستا هەیە .


24/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر