رۆی جیهانی زمانی دایک و دەسەڵاتی کوردی

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

رێکخراوی یونسکۆ ساڵی ۱۹۹۹ بەبڕیارێک ڕۆژی ۲/۲۱ بەرۆژی جیهانی زمانی دایک داناوە،کەلەم رۆژەدا،نەتەوەکان چالاکی جۆراوجۆر ڕێک دەخەن،لەوچوارچێوەیەدا،کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانییش،بەبڕیارێک ئەم بڕیارەی یونسکۆی پەسەند کردوە.

 

زمانی دایک،بۆنەتەوەکان گرنگی وبایەخی خۆی هەیە،هەربۆیە هەمو گەل و نەتەوەیەک بایەخی پێدەدات و سیاسەتی زمانی و رێکخروای پاراستن و بژارکردن و گەشەپێدانی،بۆدادەنێت،بیستەکانی سەدەی ڕابوردوش،لەباشوری کوردستان کۆمەڵەی تایبەتی بژارکردنی زمانی کوردی دروستکراوەو پێشتریش،لەسەردەمی حەزرەتی( نالی ) دا،شیعرە بەناوبانگەکەی،لەستایشی زمانی کوردیدا،داناوە:

 

کەس بەئەلفازم نەڵێ خۆکردیە خۆکوردیە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا

 

دیارە،لەدرێژایی جوڵانەوە سیاسیەکان و شۆڕشەکانی کوردیشدا،مافی بەکارهێنانی زمانی دایک داوایەکی سەرەکی جوڵانەوەکان بوە،چونکە،بۆکورد زمانەکەی هۆکارێکی سەرەکی جیاوازی و مانەوەیەتی،بەتایبەتی،کەلەگەڵ عەرەب و تورک و فارس ئاینی هاوبەشمان هەیە و رەنگی پێستیش تاردەیەکی زۆر،لەیەک دەچین.

 

هەرلەچوارچێوەی خەبات و داوای کوردا،ساڵی ۱۹۳۱ یاسای ژمارە ۷٤ زمانە ناوخۆییەکان یان محەللییەکان دەرچوە،کەدواترو دوای ڕێکەوتنی ۱۱ ئازاری ۱۹۷٠ لەدەستوری کاتی ۱۹۷٠عێراقدا زمانی کوردی،لەناوچەکانی ئۆتۆنۆمی ئەو کاتەدا دانی پێدانراوە و جێگیرکراوە.

 

بەڵام ئێستا دوای چەندین ساڵ خەبات و حوکمی کوردی و دوای ئەوەی لە مادەی ٤ دەستوری هەمیشەیی ساڵی ۲٠٠٥ عێراق،کە زمانی کوردی وعەرەبی،وەک دو زمانی فەرمی،لەعێراقدا ناساندوەو دانی پێداناوە،لەژێر ڕۆشنایی ئەومادەیەی دەستوریشدا،ساڵی ۲٠۱٤ لەپەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٦ زمانەفەرمیەکان دەرچوێنراوە،سەرباری بونی دەیان زانکۆو بەشی زمانی کوردی و دەیان دەزگای میدیایی و چاپ و پەخش،کەچی دۆخی زمانی کوردی،لەئاستێکی خراپدایە و بگرە هەندێ کەناڵ و دەزگای میدیایی ڕۆڵی زۆر خراپ،لەشێواندنی زمان و ڕێنوسی کوردیدا دەبینن.

 

نەک هەر دەزگاو کەناڵی میدیایی فەرمانگە حکومییەکانیش ڕۆڵی خراپ،لەم بوارەدادەبینن،بۆنمونە ساڵی ۲٠٠۹ ئەکادیمیای کوردی کۆنفرانسی بەرەو ڕێنوسی یەکگرتوی کوردی ئەنجامدا،ئەنجامەکەی،بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانەگەکان پەخشکرا،بەڵام تائێستاش لە تەواوی کوردستاندا کاری پێ ناکرێت،ئەمە جگەلەوەی حکومەتی هەرێم،وەک چۆن،بۆ بوارەکانی تری ئابوری و ژیانی خەڵک پلانی درێژخایەن و مام ناوەندی و کورت مەودای نیە،هەربەو جۆرەش،بۆ زمانی کوردی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی نیە و هەرناشزانن چیە وبرواشیان پێی نیە،زمانی کوردیش،وەک بوارەکانی تر،کەوتۆتە نێوان بەرداشی پارتی و یەکێتی و سیاسەت کاری،لەسەرکردوە،تۆ بڵێی بەم دۆخەوە،بتوانێت،لەگەڵ دنیای پێشکەوتووجیهانگیریدا،بڕوات و خۆی،لەهەژمونی زمانە خاوەن و دەوڵەت و بەهێزەکان بپارێزێت؟!

 

بەشێکی ساڵەکان،لە زمانی کوردی لەدەستورەکانی عێراقدا،خەلیل عەبدوڵا وەرگیراون.


23/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر